ئەو گرووپە میلیشیایە کە سیاسەتوانێکی کوردی سووریای کوشتبوو خرایە لیستی سزاوە
بەشی جیهان- وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گرووپێکی نەیاری سووریی سەربە تورکیای خستە لیستی سزاکانەوە کە ئەو گرووپە سیاسەتوانێکی کوردی سووریای کوشتبوو.

کوردپرێس: ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا ڕایگەیاند وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گرووپی میلیشیای "احرار الشرقیە"ی سەر بە تورکیای خستە لیستی سزاکانیەوە ئەوەش بە هۆی ئەنجامدانی تاوانی دژەمرۆڤایەتی.

ئەو گرووپە میلیشیایییەی سەر بە تورکیا ساڵی 2019 خاتوو هۆرین خەلەف سیاسەتوانی کوردی سووریای لە ئوپەراسیۆنێکی تورکیا لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا کوشتبوو.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ سزادانی گرووپەکە دوو کەسیشی سزا داوە کە ئەرکی دابین کردنی یارمەتیی دارایی بۆ گرووپە نەیارەکانی سووریا لە تورکیا ڕادەپەڕێنن.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت گرووپی ئەحرار شەرقیە لە 2018وە سەدان کەسی لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشتووە و ئەندامانی پێشووی داعشی بۆ خۆی ڕاکێشاوە.