تورکیا له ئەورووپا بازرگانی بە زەیتوونی عەفرینەوە دەکات
بەشی سووریا- به‌پێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی فورات نیوز توركیا له‌ دوای داگیركردنی عه‌فرین به‌رهه‌مه‌كانی زه‌یتونی ئه‌و شاره‌ی كوردستانی سووریا ده‌باته‌ ئه‌ورووپا و له‌وێ ساغیان ده‌كاته‌وه‌.

کوردپرێس:

به‌پێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی فورات نیوز، عەفرین بەشاری دار زەیتوون بەناوبانگە، بەرلە داگیرکردنی ئەو شارە ١٨ ملیۆن دارزەیتوونی لە باشترین جۆری دارەکانی هەبوو، سابونی بەناوبانگی حەلەب لە زەیتوونی عەفرین دروست دەکرێت، زەیتی زەیتوونی عەفرین بە زێڕی زەرد ناسراوە، توركیا لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ دا عەفرینی داگیرکرد و دەستی بەتاڵانکردن و لە ناوبردنی ئەو شارە و سروشتەکەی کرد وتا ئێستا لانی کەم یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دار زەیتوونیان هەڵکەندووە و بردویانن بۆ تورکیا.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته ‌ڕوو، تورکیا ساڵانە لانی کەم ٩٠٠ ملیۆن دۆلاری لە زەیتوونی عەفرین دەست دەکەوێت و ئێستا زەیتی زەیتوونی عەفرین لەژێر ناوی زەیتی تورکی یان سوری بە جیهان دەفرۆشێت وئەڵمانیا یەک لەناوەندەکانی ساغکردنەوەی به‌رهه‌می زه‌یتونی عەفرینە.

ئاژانسی فورات نیوز چه‌ند نموونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌و ده‌ڵێت: بەروبوومەکانی عەفرین وەک زەیتی عەفرین لەڕێی "پەیمانگای ستاندارتی تورکی" لە تورکیاوە دەنێردرێتە وڵاتانی ئەوروپا و کۆگای سەرەکیشی لە شاری ماگدیبۆرگی ئەڵمانیایە، لەماڵپەڕی زێڕ عەفرین دا بەئاشکرا بەرهەمی ئەو شارە دەفرۆشرێت وکۆمپانیای "سەلعەت ئەلغوتە" کەناوەندەکەی شاری ڤوپەتاڵی ئەڵمانیایە بەرهەمی  عەفرین لەسەر ناوی "جەبەل عەفرین" دەفرۆشێت، تەنها دوو لیتر لەزەیتی عەفرین بە ١٥ یۆرۆ و ٢٨ سەنت دەفرۆشرێن، هەمان بەرهەم بەناوی جەبەل عەفرین گەیەندراوەتە وڵاتی کەنەدا، لەوێ هەر لیترێک بە ١٣ دۆلار و دوو لیتر بە ٢٣ دۆلار دەفرۆشرێن، هەروەها بەهۆی باشی کوالیتییەوە نۆ کیلۆ زەیتوونی ئەسڵی سەوزی عەفرین بە ٧٥ دۆلار دەفرۆشن.

توركیا جگه‌ له‌ داگیركردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ڕۆژئاوای كوردستان سه‌رجه‌م ژێرخانی ئه‌و ناوچانه‌ی وێرانكردو كارگه‌ گه‌وره‌كانی گواسته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی و ئێستاش به‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ به‌روبومی ئه‌وناوچه‌یه‌ ده‌باته‌ وڵاته‌كه‌یی و له‌وێوه‌ هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی جیهانی ده‌كات.