سەرھەڵدانی نەھامەتییەکانی خەڵک دەرئەنجامی خراپیی شێوازی بەڕێوەبردنی حوکمڕانی دەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی ڕادەگەیێنێت تا ماڵوێرانی زیاتر تەشەنەی نەکردووە، ھێشتا بوار ماوە ڕاستگۆ بن لەگەڵ خەڵک، ھێشتا مەودای تێگەیشتن فراوانترە لە ئاڵۆزی و لێقەومان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حاكم قادر حەمەجان ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان له‌په‌یامێكدا رایگه‌یاندووە خۆپیشاندان و ناڕەزایی یان یاخیبونی ھاوڵاتیان، بەمەبەستی داکۆکی و سەرھەڵدانی نەھامەتییەکان و لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە ڕەوا و زەوتکراوەکانیان، نەبوونی مووچە و بێکاری و نەبوونی ھەلی کار، دانەمەزراندن و کەمیی خزمەتگوزاری، بێ بازاڕی کاریگەری کردووەتە سەرژیان و گوزەرانی خەڵک بەگشتیه‌، بەپێی یاسا مافێکی سروشتییە.

ناوبراو راشیگه‌یاند، ڕێکارە نادروستەکانی بەرەنگاربونەوەی گردبوونەوە و ناڕەزاییەکان کە بووەتە ھۆی کوژران و برینداری ھاوڵاتیان، ڕق و کینەو توڕەی خاوەن مافەکان ئەستورتر ئەکات، پێویستە خۆپیشاندان و گردبوونەوەش دووربێت لە توندوتیژی و کاری نادروست و زیانگەیاندن بە فەرمانگەکان کە موڵکی خەڵکن.

حاكم قادر حەمەجان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، فاکتەرەکانی دروست بوون و سەرھەڵدانی نەھامەتییەکانی خەڵک و برسی بوونیان تا نزیک مەرگ گەنجان و لاوانی خوێن گەرم ڕاپێچ دەکەن، دەرئەنجامی بەرنامەی ھەڵەی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و خراپی شێوازی بەڕێوەبردنی حوکمڕانی دەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمە، کە بەداخەوە باجەکەی خەڵکی گیرفان بەتاڵ و برسی کراوی ھەرێمی کوردستان دەیدا.

ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پێویستە بۆ بەدەنگەوەچوونی دەنگەناڕازییەکان، حوکمەت ڕوونکردنەوە و وەڵامی گونجاو و باوەڕپێکراوی پێبێت و ڕاستگۆ و بوێربێت، لەبەرامبەر دەرخستنی ڕاستیەکان و بۆ بەرچاو ڕونی شەفافانە ڕوونکردنەوە و ئاستی داھاتەکانی ژێر و سەرزەوی بگەیەنێت، تا ماڵوێرانی زیاتر تەشەنەی نەکردووە، ھێشتا بوار ماوە ڕاستگۆبن لەگەڵ خەڵک، ھێشتا مەودای تێگەیشتن فراوانترە لە ئاڵۆزی و لێقەومان.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113