ئەو پیاوەی هاوسەر و خۆشکی هاوسەرەکەی خۆی کوشت دەستگیر کرا
بەشی کوردستان- ئەو پیاوە دەستگیرکرا کە هەفتەی ڕابردوو ژن و ژن خوشکەکەی لە شاری سنە کوشت بوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرهەنگ عەبدوڵڵا فاتحی بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری سنە ڕایگەیاند هەفتەی ڕابردوو ڕۆژی 3ی گەلاوێژ پیاوێکی 44 ساڵە لە شەڕێکی بنەماڵەیی لە گەڕەکی حاجی ئاوای سنە ژن و ژن خوشکەکەی بە چەک کوشت و هەڵات.

ناوبراو ڕوونیشیکردەوە کە دوێنێ هەینی 8ی گەلاوێژ پۆلیسی پارێزگای کوردستان بە هاوکاریی و پشتیوانی هێز ئەمنییەکانی شارەکانی قوروە و دێولان لە هەڵمەتێکی لەناکاودا، توانیان ئەو پیاوە بکوژە لە یەکێک لە گوندەکانی شاری دێولان قۆڵبەست بکەن.

سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کوردستان ڕاشیگەیاند: لە لێپێچینەوەکاندا دەرکەوت کە هۆکار و ئەنگێزەی کوشتنەکە ناکۆکیی ناوبنەماڵە بووە.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113