هه‌موو هه‌وڵێک ده‌خه‌ينه‌ گه‌ڕ بۆ به‌دۆکيومێنت کردنی ئه‌نفاله‌کان له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ يادى سى و هه‌شت ساڵه‌ى ئه‌نفال کردنى بارزانييەکاندا ڕایگەیاند: هه‌موو هه‌وڵێک ده‌خه‌ينه‌ گه‌ڕ بۆ به‌دۆکيومێنت کردن و بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نفاله‌کان له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ يادى سى و هه‌شت ساڵه‌ى ئه‌نفال کردنى بارزانييەکاندا پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "جينۆسايد کردنى بارزانييان به‌ ته‌نيا ڕاپێچ کردنى پياوان بۆ بيابانه‌ تاريک و سامناکه‌کانى مه‌رگ نه‌بوو، دواى ئه‌وه‌ش ژنان، کچان، خوشکان و دايکانى بارزانى ده‌بوايه به‌ره‌وڕووى چاره‌نووسى سه‌خت و ناديارى ژيان ببنه‌وه‌ و بۆ هه‌زاران منداڵى بێ باوک، ببنه‌ باوک و باپيره‌ و برا و ڕه‌نجێکى گه‌وره‌ بۆ دابين کردنى بژێوى ژيان و به‌خێوکردن و په‌روه‌رده‌کردن و پێگه‌ياندنيان بکێشن و به‌رگه‌ى ژيانێکى تاڵ و سه‌ختى پڕ له‌ فرمێسک و حه‌سره‌ت بگرن".

بارزانی دەیشڵێت : "له‌م ياده سامناکه‌‌دا دروود بۆ گيانى پاکى ئه‌نفالکراوانى بارزانى و ته‌واوى ئه‌نفالکراوان و شه‌هيدانى کوردستان ده‌نێرين، به‌ شکۆوه‌ ياديان ده‌که‌ينه‌وه‌، به‌وپه‌ڕى ڕێزه‌وه‌ له‌ ڕه‌نج و ماندووبوونى دايکان، هاوسه‌ران و خوشکانى ئه‌نفالکراوان ده‌ڕوانين، سوپاس و پێزانين بۆ خه‌ڵکى جوامێرى هه‌ولێر، هه‌رير و باتاس و هه‌موو ئه‌وانه‌ى دواى ئه‌نفالکردنى بارزانييان، هه‌رچى له‌ توانياندا بوو، هاوکاريى خێزانى ئه‌نفالکراوانيان کرد و يارمه‌تييان دان".

ناوبراو ڕاشیگەیاندووە: "که‌سوکارى ئه‌نفالکراوان و شه‌هيدان دڵنيا ده‌که‌ينه‌وه‌ که‌ هيچ درێخى ناکه‌ين و هه‌موو هه‌وڵێک ده‌خه‌ينه‌ گه‌ڕ بۆ به‌دۆکيومێنتکردن و بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نفاله‌کان له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى به‌ جينۆسايد بناسرێن و جارێکى دى گه‌لى کوردستان و مرۆڤايه‌تى به‌گشتى مه‌رگه‌ساتى وا نه‌بينن، داوا له‌ حکوومه‌تى عيراقى فيدراڵيش ده‌که‌ين، قوربانييان قه‌ره‌بۆ بکاته‌وه".

لە کۆتاییدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە: "دووپاتی دە‌کە‌ینە‌وە‌ کە‌ پاراستنی دە‌سکە‌وتە‌کانی گە‌لی کوردستان تە‌نھا زامنی دووبارە‌نە‌بوونە‌وە‌ی کارە‌سات و نە‌ھامە‌تیيە‌کانە‌، ئە‌وە‌ش بە‌ یە‌کڕیزی و تە‌بایيی نێوان سە‌رجە‌م لایە‌ن و پێکھاتە‌کانی کوردستان دە‌بێت".

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113