ئەمنییەتی ئیسرائیل هۆکاری ئامادەبوونی ئەمریکایە لە سووریا

بەشی سووریا- ئەندامێکی نووسینگەی یاساییی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) دەڵێت: ئەمریکییەکان بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ئیسرائیل لە سووریان.

ڕزوان سەیدۆ ئەندامێکی نووسینگەی یاساییی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی داهاتووی ئامادبوونی ئەمریکا لە کوردستانی سووریا ڕایگەیاند: ئەو کاتەی ئەمریکا لە گرێ سپی و سەرێ کانی کشایەوە، تورکیا و گرووپە چەکدارەکان ئەم ناوچانەیان داگیر کرد و دەستیان کردە تاوانی بێ ژومار و ئەم کارەشیان لە عەفرین و جەرابلوس دووپات کردەوە.

ناوبراو درێژەی دا: دۆخی سووریا و ئەفغانستان هاوشێوەی یەک نین. ئەمریکا بە سێ هۆکارەوە هاتۆتە سووریا. هۆکاری یەکەم، شەڕی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان. هۆکاری دووهەم ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی و سەربازی لەگەڵ ئێران و هۆکاری سێیەم دۆزینەوەی ڕێگاچارەیێکی سیاسی بۆ سووریا بوو کە ئەمریکای پەلکێشی سووریا کرد.

ناوبراو جەختی کردەوە ئەمەش زۆر ڕاستە کە ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی خۆی زیاتر لە مافی گەلان و خەڵکی سووریا لەبەرچاو دەگرێت بەڵام کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا لە زیانی کوردەکان تەواو دەبێت.

ئەندامەکەی ئەنەکەسە وەبیری هێنایەوە: کشانەوەی ئەمریکا، تورکیا و گرووپە چەکدارەکان دەخاتە تەماحەوە بۆ هێرش کردنە سەر کورد. مژاری دیکە ئەوەیە کە کشانەوەی ئەمریکا بێ ئاکام بوونی دانوستانی کوردی-کوردی لە سووریا لێدەکەوێتەوە. چوونکە ئەمریکا لە ئێستادا گەرەنتیکاری دانوستانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردە و کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا ئەم گفتوگۆیانە بە بنەبەست دەگەیێنێت.

ئەندامەکەی نووسینگەی یاساییی ئەنەکەسە وتیشی: بەرژەوەنیی کورد لە یەکێتی و یەکگرتووی سووریادایە. تورکیا و گرووپە جیهادیەکان بەبیانووی بوونی پەکەکەوە لە کوردستانی سووریا ئەم دەرفەتەیان قۆستووەتەوە تا هێرش بکەنە سەر ئەم ناوچەیە. هەڵبەت هەموو ئەمانە بیانوویێکن تاکوو پرسی کورد لە سووریا چارەسەر نەبێت بەڵام دەبێت ئەم بیانووەش نەردێتە دەستی تورکیا و ئەم گرووپانەوە.

ناوبراو لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: ئەمنییەتی ئیسرائیل بۆ ئەمریکا گرینگە و بە بیانووی پاراستنی ئیسرائیلەوە لە سووریا ناکشێتەوە.

کۆدی هەواڵنر: 60113

News Code 2929

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha