مەراسیمی بەخاکسپاردنی قوربانیانی هێرشە ڕەگەزپەرەستانەکەی کۆنیا بەڕێوەچوو
بەشی تورکیا- لە مەراسیمێکی جەماوەریدا تەرمی ئەو حەوت هاوڵاتییە کوردەی کە دوێنێ لە شاری کۆنیا کوژران، بەخاکسپێردران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەو خێزان کوردەی لەلایەن دانیشتوانی نەژادپەرستی شاری کۆنیاوە  کوژران، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی هەر یەک لە عەبدولحەمید گویل وەزیری دادی تورکیا، نەعمان کورتولموش جێگری پارتی داد و گەشەپێدان (AKP)، میدحەت سینجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP)، عەبدولەتیف شنر نوێنەری کۆنیا سەربە پارتی کۆماریخوازی گەل (CHP)، شاندی بەدواداچوونی CHP و وەحدالدین ئوزکان پارێزگاری کۆنیالە گۆڕستانی سەراچئۆغڵو لە ناوچەی کاراتای بە خاک سپێردران.

دوێنێ لە گوندی حەسەن کۆی لە ناوچەی مەرام لە کۆنیا، نەژادپەرستان هێرشیان کردە سەر خانەوادەیێکی کورد و کۆمەڵکوژیان کردن.

ئەو خانەوادە لە حەوت کەس پێکهاتبوون، لە مانگی ئایاردا لەلایەن خەڵکی ڕەگەزپەرستی ناوچەکەیانەوە بە چەقۆ و دار و بەرد هێرشکرایە سەریان بە سەختی بریندارکران بەڵام دوێنێ بە چەک هێرشکرایە سەریان و بە 20 فیشەک کۆتایی بە ژیانیان هێنرا.

سەرۆکی دادگای شاری کۆنیا بە میدیاکانی تورکیای ڕاگەیاندووە، لەسەر ڕووداوەکە 10 کەسیان دەستگیرکردووە و بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113