لاهور جەنگی: هەوڵمانداوە هەموو کێشەکان لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی چارەسەر بکرێن
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لاهور شێخ جەنگی لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریدا ڕایگەیاند، هیچ کارێک ناکەین پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازیی کرد لە عه‌لی باپیر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان و وەفدێکی هاوڕێی.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نووسینگەی لاهور شێخ جەنگی، "لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی  نێوان هەردوولا و  کێشەکانی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەوڵەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنیان.

ئاماژە بەوەش کراوە لاهور شێخ جەنگی سوپاسی پەرۆشی و هەوڵەکانی مامۆستا عەلی باپیری کرد بۆ پشتیوانی کردن لە یەکێتیی و چارەسەرکردنی کێشەکان، هاوکات دڵنیاییدا لەوەی هیچ کارێک ناکەن پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی بێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، لاهور شێخ جەنگی ڕاشیگەیاندووە، هەوڵمانداوە هەموو کێشەکان بە ڕێگای حزبی و لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبەکەم چارەسەر بکرێن.

ئەوەش هاتووە، لای خۆیەوە سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان ستایشی "ڕۆڵی حەکیمانەی لاهور شێخ جەنگی کرد کە بە شێوەیەکی زۆرباش مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە و توانیویەتی هاوسەنگی بپارێزێت".

ئاماژە بەوەشکراوە، "لە بەشێکی تری دیدارەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کرا و هەردوولا جەختیان لە یەکڕیزی و تەبایی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکان کردەوە بۆ ئەوەی پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بێت و بە یەکدەنگی پشتیوانی لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بکەن.

پێش سەردانەکەی بۆ لای لاهور شێخ جەنگی، عەلی باپیر سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و شاندێکی یەکێتی کۆبووەوە.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113