باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا: گرژیمان لەگەڵ ئێراندا ناوێت بە تایبەتیش لە عێراق
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لەبارەی ئەنجامی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان دوو وڵات رایگەیاند کە وڵاتەکەی گرژی لەگەڵ ئێراندا ناوێت بە تایبەتیش لە عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی راگەیاندنی قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەعرەجی پێشوازیی لە ماتیۆ تولەر و جەنەڕاڵ پۆڵ کالڤێەرت فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش کردووە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا ئەنجامی سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی ھونەری بۆ واشنتۆن لەگەڵ رەوشی سیاسی و ئەمنیی و ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق خراوەتە بەرباس.

باس لەوەش کراوە کە لە دیدارەکەدا قاسم ئەعرەجی رایگەیاندووە کە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی و شاندی ھونەری عێراق بۆ واشنتۆن، سەردانێکی سەرکەوتووبووە و ئەنجامی گرنگی لێکەوتووەکە کە کاریگەری لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەبێت.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لای خۆیەوە باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە و فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، جەنەڕاڵ پۆڵ کالڤێەرت ئاگادار کراوەتەوە لەوەی بەدواداچوون بۆ رێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتۆن بکات کە تایبەتە بە کۆتاییھێنان بە بوونی ھێزی شەڕکەری بیانی لە عێراق تا کۆتایی ئەمساڵ و جەختیشکراوەتەوە لەوەی کە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی عێراق لەشەڕی دژبە داعش.

ماتیۆ تولەر ھەروەھا جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا پێشوازی لە ھەر ھەوڵێکی دیپلۆماتی دەکات کە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران و ئەمریکا گرژی لەگەڵ ئێراندا، ناوێت بە تایبەتیش لە عێراق".

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113