هێزەکانی سووریا دیموکرات ئامادەی گفتوگۆ کردنن لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی خوازیاری چارەسەری قەیرانی سووریان
بەشی سووریا- فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند هێزەکانی سووریا دیموکرات ئامادەی گفتوگۆ کردنن لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی خوازیاری چارەسەر کردنی قەیرانی سووریان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لەمیانەی گفتوگۆکانی ئەنجومەنی سەربازیی هەسەدە، رایگەیاندووە: دانوستاندنەکانی سووری-سووری و رژێمی سووریا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسی گرنگن".

مەزڵوم کۆبانی ڕاشیگەیند تا ئێستا داواکارییەکانی حکوومەتی ناوەندیی سووریا دوژمنانەن و لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نین. بە خیانەتکار و دابەشکەری سووریا تۆمەتبارمان دەکەن، بەڵام ئێمە بەوانە دەڵێین، سنوورەکان و دەروازە سنوورییەکانتان بەجێهێشت، ئێستاش هێزەکانی ئێمە پارێزگاری لێدەکەن، هەسەدەش شانازی بە ڕەگەزنامە سوورییەکەیەوە دەکات.

سەبارەت بەهەماهەنگی‌ و کارکردنیان لەگەڵ هێزە بیانییەکان مەزڵوم کۆبانی وتی: لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بەداعش هەماهەنگی‌ و کارکردنمان بەردەوامە، ئەویش لەپێناو ڕاوەدوونانی چەکدارانی داعش کە هێشتا مەترسییێکی گەورەن لەسەر تەواوی سووریا و ناوچەکانی کوردستانی سووریا بەتایبەتی.

ناوبراو ده‌شڵێت: "لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیاش بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەسەر سنووری نێوان تورکیا و کوردستانی سووریا هەماهەنگیمان هەیە.

کۆبانێ لەبەشێکی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا ده‌ڵێت: تورکیا هێشتا بەردەوامە لەگۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە داگیرکراوەکان، بۆیە کاری لەپێشینەمان ئازادکردنی ئەو ناوچانە و گێڕانەوەی ئاوارەکان دەبێت بۆسەر زێدی خۆیان لە شارەکانی عەفرین ‌و سەرێکانی‌ و گرێ سپی ‌و ناوچەکانی تری کوردستانی سووریا.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113