رۆحانی: دووپاتی دەکەمەوە کە کار بە هاوسەنگی دەکرێت و سەردەمی توندڕەوی نەماوە
بەشی ئێران- سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکدا جەختی کردەوە کە ئەزموونی هەشت ساڵەی ئەو پێی سەلماندووە کە تەنها میانەڕەوی و هاوسەنگی تاکە چارەسەرە و سەردەمی توندڕەوی بەسەرچووە.

کوردپرێس:

ڕۆژی دووشەمە 11ی گەلاوێژی 1400حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لە دیدار لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە حکومییەکان ڕایگەیاند، حکومەتەکەی لەماوەی 8 ساڵی تەمەنیدا هەمیشە پشتیوانی جێبەجێکردنی سیاسەتێکی هاوسەنگ و بونیادنەرانە بوە و ئێستاش باوەڕیانوایە سەردەمی "توندڕەوی" بەسەر چووە.

ڕۆحانی گوتیشی: ئەو باوەڕەی ساڵی 2013 بەهۆیەوە دەستیان بە کارکردن کرد بۆ چارەسەری کێشەکانی وڵات، ئێستاش هەمان بۆچونیان هەیە کە دەبێت پشتیوانی  جێبەجێکردنی سیاسەتێکی هاوسەنگ و بونیادنەرانە بن.

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمڕۆ و دوای ئەزمونی 8 ساڵ حکومڕانی دوپاتی دەکەنەوە کە لەپەیوەندییەکانی دەرەوە و ناوەوەی وڵاتدا دەبێت هاوسەنگی هەبێت، بەپێچەوانەوە بە توندڕەوی ناگەین بەهیچ ئەنجامێک، لەسەر ئەو بنەمایەش حکومەت هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خستەگەڕ بۆ هەڵگرتنی ئەو 7 بڕیارە نێودەوڵەتییەی بەسەر گەلی ئێراندا سەپێنرابون ئەوەش کارێکی ئاسان نەبو".

شایانی باسە رۆژی پێنجشەممە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران لەمەراسیمێکدا بەئامادەبوونی ژمارەیێک سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران دەست بە کار دەبێت.