گرووپێکی ڕەگەزپەرستی تورک گەلەکۆمە دەکەنە سەر بنەماڵەیێکی کورد

بەشی تورکیا- پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرکردنی بنەماڵەیێکی کورد لە ئەنقەرە، وێنە و ڤیدیۆی کۆمەڵێکی نزیک بە 300 کەسی ڕەگەزپەرستی تورک بڵاو کراوەتەوە کە پەلاماری بنەماڵەیێکی کوردی دانیشتووی ئەنتالیایان داوە و برینداریان کردوون.

کوردپرێس:

هەفتەی ڕابردوو لە ئەنقەرە کۆمەڵێک تورکی ڕەگەزپەرست لە گەڕەکێکی ئەو شارە هێرش دەکەنە سەر خێزانێکی کورد و ناچاریان دەکەن خانووەکەیان بەجێ بهێڵن.

هێرشی ڕەگەزپەرستانی تورک دژی کوردەکان بۆتە دیاردە و ئەوەش جێی نیگەرانییە.

لە نوێترین پێشهاتی لەو شێوەیەشدا وێنە و ڤیدیۆی گرووپێک بڵاو کراوەتەوە کە دەوترێت پەلاماری خێزانێکی کوردیان داوە لە ئەنتالیا و پێیان گوتووە ئێرە خاکی تورکە و شوێنی ئەوان نیە.

شەوی ڕابردوو لەناوچەی ئەلماڵری سەر بەئەیالەتی ئەنتالیا، خێزانێكی كورد كە خەڵكی مێردینی باكووری كوردستانن و بۆ كاری كشتوكاڵیی چونەتە ئەنتالیا، لەلایەن ٣٠٠ نەژادپەرستەوە هێرشیان كرایە سەر.

سەربەت كورغا، یەكێک لە ئەندامانی ئەو خێزانە بەئاژانسی میزۆپۆتامیای ڕایگەیاند "شەوی ڕابردوو كاتژمیر ١٢ نزیكەی ٣٠٠ نەژادپەرست هێرشیان كردە سەرمان، پەراسوو لوتی برایەكیان شكاندم و ئێمەش بریندار بوین".

كورغا وتیشی "هۆكاری هێرشەكە، تەنها لەبەرئەوەیە كوردین و پێیانوتین دەبێت خاكی ئێمە بەجێبهێڵن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا “لە ژێر هەڕەشەی نەژادپەرستاندا و بۆ پاراستی گیانمان، هەموو كەلوپەلی ماڵەوەمان جێهێشت و تەنها خۆمان ڕزگاركرد و خۆمان گەیاندە ماڵی خزمێكمان لە ئەنتالیا".

ئەمە لەکاتێکدایە، ڕۆژی ٣٠ی مانگ خێزانێكی حەوت كەسی بەشێوەیێكی نامرۆڤانە لەلایەن نەژادپەرستانەوە كۆمەڵكوژكران و تائێستا بكوژی ئەو خێزانە دەستگیرنەكراوە.

لە مارماریس و ماناڤكات و چەند ناوچەیەكی تر نەژادپەرستان كەوتوونەتە ئازاردانی كوردان و بازگە دادەنێن و ناسنامەی هاوڵاتیان دەپشكنن، ئێستا ژیانی هاوڵاتیانی كورد كەوتووەتە مەترسییەوەو لەبەرامبەردا دەوڵەت بێدەنگی هەڵبژاردووە و هیچ هەنگاوێكی نەناوە بۆ بەرگرتن لەو كارە.

سیاسەتی ڕەگەزپەرستیی تورک بەرامبەر كوردان لەزیادبووندایە، بەتایبەت ئەردۆغان و ئاكەپە و مەهەپە، زمانی میدیای سەر بە دەسەڵات ڕۆحی نەژادپەستی پێشدەخەن.

لە لایێكی ترەوە، سەدات پیکەر، مافیای گەورەی توركیا كە ئێستا ئەو وڵاتەی جێهێشتووە، دەڵێت "بەهەزاران چەك بەمۆڵەتی وەزیری ناوخۆ سلێمان سۆیۆ دراوە بە نەژادپەرستان".

بەهۆی ئەو ئاگرە بەرفراوانەی توركیای گرتووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەردۆغان و ڕاگەیاندنەكانی نزیك لەو ئۆباڵی ئاگرەكەیان خستە ئەستۆی كوردان، ژیانی ئەو كوردانەی كە لەتوركیا دەژین، زیاتر کەوتووەتە مەترسییەوە.

News Code 2951

Your Comment

You are replying to: .
captcha