ڕەئیسی بۆ بەرهەم ساڵح: کۆماری ئیسلامیی ئێران خوازیاری عێراقێکی بەهێز و خاوەن پێگەیە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆککۆماری ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراقدا جەختی کردەوە لە خولی داهاتوودا هەوڵ بۆ گەشەسەندنی پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراق دەدەین و بەوتەی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئێران کۆماری ئیسلامیی خوازیری عێراقێکی بەهێز و خاوەن پێگەیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی راگەیەنراوی سەرۆکایەتی کۆمار، دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە تاران لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری نوێی ئێران کۆبوەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، کۆبونەوەکە بەئامادەبونی هەردو وەزیری دەرەوەی عێراق و ئێران و ژمارەیێک لە گەورە بەرپرسانی هەردوو وڵات بەڕێوەچووە و سەبارەت بە دۆسیە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و پتەو کردنی پەیوەندییەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە گفتوگۆکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کردەوە لە پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە کەرتە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی لە رووی کۆمەڵایەتی و ئاینی و کەلتورییەوە، هاوکات پشتیوانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق دووپات کردەوە، هەوڵەکانی عێراقیشی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ئارامی وڵاتانی ناوچەکە بەرز نرخاند.

لای خۆشییەوە، بەرهەم ساڵح پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی ئیبراهیم رەئیسی کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا، هەروەها ئومێدی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتری بۆ گەلی ئێرانی دۆست خواست، هاوکات سوپاسی خۆشی دووپاتکردەوە بۆ بانگهێشت کردنی بۆ ئێران، لەبەرامبەردا سەرۆکی ئێران بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆککۆماری عێراقی کرد بۆ تاران.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ کە پەیوەندییێکی مێژویی هاوبەشی گرنگە و بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە لە رووی کۆمەڵایەتی و ئاینی و فەرهەنگی و جوگرافی و رۆشنبیری، هەروەها باس لەوەش کرا کە پتەو کردنی پەیوەندییەکانیان سوودی بۆ هەردوو وڵات و تەواوی ناوچەکە هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش جەختکرایەوە لەپێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان و کاراکردنی لێکتێگەیشتن و رێککەوتننامە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات لە سەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتی ئابوری و بازرگانی.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆککۆماری عێراق پشتیوانی ئێرانی بۆ عێراق بەرزنرخاند، بەتایبەتی لە جەنگی دژ بە داعش، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق پشتیوانی دەکات لە پاراستنی سەقامگیری و ئارامی ناوچەکە و کۆتای هێنان بە تەنگژەکانی ناوچەکە، بۆیە کار دەکات لە پێناو ئەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییەکانی سەرجەم گەلانی ناوچەکە.

بەرهەم ساڵح جەختی کردەوە کە ناوچەکە پێویستی بە لە یەکگەیشتن و هەماهەنگی کردن و چڕکردنەوەی هەوڵەکانە بە پشتبەستن بە دیالۆگی بونیاتنەرانە لەپێناو هێنانەدی سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی زۆرێک لەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی وڵاتانی ناوچەکە دەبێتەوە، گرنگترینیان بەگژاچوونەوەی تیرۆر و قەیرانی تەندروستی و پەتای کۆرۆنا و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگەیە، هەروەک دووپاتی کردەوە کە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بنەمایێکی گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە و فاکتەرێکیشە بۆ پێکەوە بەستنەوەی ئابووری.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2979

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha