هەوڵ ئەدەین کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە جیهاندا بە فەرمی بناسێندرێت

بەشی سووریا- نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە ئایا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری چ هەنگاوێکی بۆ بەفەرمی ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە ئاستی نێونەتەوەییدا هەڵگرتووە، ڕایگەیاند: ئێمە لە ئیدارەی خۆسەردا هەموو هەوڵێکی سیاسی و دیپلۆماسیی مومکینمان لە ئاستی ناوچەی و نێونەتەوەییدا داوە تاکوو پرسی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بەفەرمی لە جیهاندا بناسێندرێت.

«هۆشەنگ دەروێش» نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستانی عێراق درێژەی دا: لە ئاستی ناوخۆدا لە کوردستانی سووریا تاکوو ئەمڕۆ هەوڵی زۆرمان لەبوارەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و میدیاییدا داوە تا پرسی ئێزدییەکان لەبیر نەکرێت.

نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستانی عێراق زیاتر وتی: بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر تاکوو ئەمڕۆ چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری ئێزدییەکان و نوێنەری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئەنجام داوە.

هۆشەنگ دەروێش جەختی کردەوە: ئەمساڵ و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال، ئێزدییەکان لەبەردەم نووسنگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە قامیشلۆ کۆبوونەوە و نامەیێکیان ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و خوازیاری ئەوە بوون کە ژینۆسایدی ئێزدییەکان بەفەرمی بناسێندرێت.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ئەمە بابەتێکی ئەخلاقییە بۆ ئێمە کە ئێزدییەکان دەستان بە مافی خۆیان بگات و لە ئاستی ناوچەی و جیهانیدا پرسی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لەلایەن زلهێزەکانەوە دانی پێدا بنرێت و ئێمەش هەموو هەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ.

News Code 2981

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha