پێویستە بەغدا و هەولێر ئیدارە شەنگال بە فەرمی بناسن
بەشی سووریا- ئەندامێکی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (P.D.K.S) دەڵێت: پێویستە هەم حکوومەتی عێراق و هەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیدارەی سیاسی و هێزە سەربازییەکانی شەنگال بە فەرمی بناسن، چوونکە ئەم هێزانە خەڵکی شەنگال دەپارێزن.

«گەلۆ عیسا» ئەندامێکی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا (P.D.K.S) لە ساڵۆگەڕی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی شەنگال لەلایەن داعشەوە، ڕایگەیاند: ئێزدییەکان لە مێژووی خۆیاندا چەندین جار ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە کە هێرشەکەی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شەنگال دواهەمینی ئەو هێرشانەیە. پارت و ڕەوتە کوردییەکان پێویستە بۆ بەفەرمی ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان کەڵک لەهەموو تواناکانی خۆیان وەربگرن لە ئاستی نێونەتەوەییدا تا جارێکی تر ئەم گەلە ڕووبەڕوو وەها مەترسیێک نەبنەوە.

ناوبراو درێژەی دا حزب و ڕەوتە کوردییەکان دەبێت پشتگیری لە خەڵکی شەنگال بکەن و ڕێز لە ئیدارەکەی بگرن و پێویستە هەم حکوومەتی عێراق و هەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیدارەی سیاسی و هێزە سەربازییەکانی شەنگال بە فەرمی بناسن، چوونکە ئەم هێزانە خەڵکی شەنگال دەپارێزن.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا جەختی کردەوە: دەبێت هەموو حزبە ساحیب نفووزەکان هاوکار و هاوڕا بن و لە خەڵک و ئیدارەی شەنگال پشتیوانی بکەن، هەروەها هەموو ئامێرەکانیان بۆ بەفەرمی ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە ئاستی نێونەتەوەییدا بخەنە گەڕ.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113