2 ملیۆن دۆز ڤاکسینی کۆرۆنا گه‌یشته‌ عێراق
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاند، له‌سه‌ره‌تای دۆزینه‌وه‌ی پێکوته‌ی دژ به‌ کۆرۆنا، ئه‌مڕۆ زۆرترین ژماره‌ی ڤاکسینیان به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌، که‌ له‌ سه‌رووی دوو ملیۆن دانه‌یه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ به‌یاننامه‌یێکدا که‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووک بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، رایگه‌یاندووە: "ئه‌و ژماره‌‌ ڤاکسینه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ده‌ستیان گه‌یشتووه‌، زۆرترین رێژه‌ بووه‌ که‌ تا ئێسیتا له‌ رۆژێکدا پێیان گه‌یشتبێت و له‌ هه‌ردوو جۆری ڤایزه‌ری ئه‌مه‌ریکی و سینۆفارمی چینی پێکهاتوون".

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌رێوه‌به‌ری گشتیی کۆمپانیای "کیمادیا" بۆ پیشه‌سازی ده‌رمان له‌ عێراق گوتی: "ئه‌و دوو ڤاکسینه‌ له‌لایه‌ن رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانه‌وه‌ رێگه‌پێدراون"، له‌کاتێکدا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، "ئه‌و بڕه‌ ڤاکسینه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ده‌ستیان گه‌یشتووه‌، به‌سه‌ر ته‌واوی پارێزگاکانی عێراقدا دابه‌ش ده‌کرێت، به‌ پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌، ئه‌مڕۆ تاڕاده‌یێک داکشان له‌ ئاماری تووشبوون و مردن به‌ کۆرۆنا له‌ عێراق هه‌بوو، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ رۆژانی رابردوو، که‌ له‌ هه‌ندێک رۆژ ژماره‌ی تووشبوون ده‌گه‌یشته‌ سه‌رووی 13 هه‌زار که‌س.

 

کۆدی هەواڵنێر: 60113