تورکیا و گرووپە چەکدارەکان کارەبای سووریا دەدزن

بەشی سووریا- شرۆڤەکار و ڕۆژنامەنووسی کوردی سووریا دەڵێت: تورکیا دەیەوێت لە ڕێگای پچڕاندنی ئاوی باکووری سووریاوە جیا لەوەی کە ئیرادەی خەڵک تێکبشکێنێت لەو ڕێگەیەوە پەرە بە پێکدادان و نائەمنی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بدات.

«جومعە محەمەد» ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری ناوچەکە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دابە دۆخی ئاو لە ناوچەی حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕایگەیاند: تورکیا و گرووپە چەکدارەکان بەردەوامن لە بڕینی ئاوی سەرچاوەی عەلووک لە سەرێکانییەوە دێت و بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا دەیبڕن و وەکوو چەکێک لە دژی دانیشتوانی ناوچەکە بەکاری دەبەن و لەو ڕێگەیەوە پەرە بە پێکدادان و نائەمنی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەدەن.

ناوبراو درێژەی دا: تورکیا جودا لەوەی کە دەیەوێت ئیرادەی میللەتەکەمان تێکبشکێنێت و لەسەر میزی دانوستانیشدا بە ئامانجەکانی بگات و هەروەها بۆ ئەوەی کە کارەبا بە ناوچەی ژێر کونترۆڵی "گرووپە تیرۆریستییەکان بگات" کە سەر بەو وڵاتەن و ئێستا سەرێکانی و گرێسپییان داگیر کردووە دەست بۆ بڕینی وێستگەی ئاوی عەلووک دەبات.

ناوبراو وتیشی: گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەوەی ئاوی عەلووک بەربدەنەوە پێویستیان بە کارەبایە و ئیدارەی خۆسەر ئەو کاربایە دابین دەکات. پاش گوشارێی زۆری ناوچەیی و نێونەتەوەیی تورکیا ئاوی عەلووکی بەردایەوە و ئاو گەیشتە حەسەکە. بەڵام بەهۆی خراپ بوونی تاوەرەکان و ئەو خەسارەی کە بە وێستگەکانی بەرهەم هێنان و گواستنەوەی کارەبا کەوتووە. ئاوەکەیچ دەبڕێت چوونکە گرووپە چەکدارەکان ئەو کارەبایە کە بۆ وێستگەی عەلووک دەڕوات دەیدزن و بۆ کاری تایبەتی خۆیان سەرفی دەکەن، بۆیەش ئاوەکە دەوەستێت.

جومعە محەمەد زیاتر وتی: خەڵک بەم بۆنەوە لە دۆخێکی دژواردان و بە ناچار یان ئاو دەکڕن یان بیرەئاو هەڵدەکەنن کە بۆ خواردنەوە ناشێت. بەتایبەت لە گەرمای هاویندا خەڵک زۆر پێویستیان بە ئاوە و نەخۆشینە گواستراوەکانیش لە بۆسەی خەڵکدان.

دۆژنامەنووسە کوردەکە دەشڵێت: ئەم هەڵمەتانەی تورکیا بێ ئەخلاقییە و دژی مافی مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەییەکانە لەبارەی ئاو. لە ئێستادا تورکیا ئاوەکەی بەرداوەتەوە بەڵام دیار نییە تا کەی ئەم دۆخە بەردەوام بێت و دیسانەوە دەیبڕێتەوە. پەستانی ئاو لاوازە و ناگاتە ئهەموو گەڕەکەکانی حەسەکە و هەندێک کاتیش بە هیچ شێوەیێک تا ناو شاری حەسەکە ناگات.

ناوبراو لەبارەی دۆخی ئاوی ڕووباری فۆرات ڕایگەیاند: ماوەی شەش مانگ بوو کە تورکیا شەڕی ئاوی هەڵگیرستاندووە و لە ڕۆژێکدا تەنها 200 مەتری سێجا لە چرکەدا ئاو بە ڕووباری فۆراتدا بەردەدات ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بەپێی ڕێککەوتنەکان، تورکیا دەبێت ئەو ڕێژەیە تا 500 مەتری سێجا بەرز بکاتەوە. بەڵام ئێستا بۆ ماوەی چوار ڕۆژە کە تورکیا ئەو ڕێژیەی بەرز کردۆتەوە بەڵام دیار نییە کە کەی دووبارە دەیبڕێتەوە چوونکە پێشتر لە خولەکانی پێشوودا لە ماوەی ڕۆژەکانی هەفتەدا چەند جا ئاوی بڕیوە و متمانەی پێناکرێت.

جومعە محەمەد دەڵێت هاوشێوەی ئاوی عەلووک، بڕینی ئاوی فۆرات کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی ناوچەکە و هەموو سووریا دروست کردووە. بەهۆی کەم ئاوییەوە ڕێژەی کارەبای بەرهەم هێنراو لە بەنداوەکانی فۆرات بەشێوەیێکی زۆر کەم بووەتەوە. لەم گەرمای هاوینەدا خەڵک بە درێژایی ڕۆژ کارەبایان نییە. لە عەسردا کارەبا بەردەست دەبێت بەڵام ئەوندە لاوازە کە بەکار نایەت.

ڕۆژنامەوانە کوردەکە ڕاشیگەیاند: بەهۆی کەم بوونەوەی ئاستی ئاوی فۆرات وەرزی جووتیاریی هاوینەیش تووشی کێشە بووە و خەڵک ئەمنیەتیی خۆراکیشیان لە مەترسیدایە.

ناوبراو زیادی کرد: ئەم کەم ئاوییە بووەتە هۆی ئەوەی کە تەنانەت بیرە ئاوەکانیش وشک ببن. هەروەها بە هۆی هاتنە خوارەوەی ئاستی ئاوەوە ماسی زۆر لەناو چووە و ڕاوە ماسیچ ڕاوەستاوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 3049

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha