هێزەکانی سووریای دیموکرات بەدوای دابەش کردنی سووریا نین/ ژەنراڵ کۆبانی کەسایەتیێکی بێگەردە

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا دەڵێت: هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزێکی دەسەڵاتدار و کاریگەرن و بەوتەی ژەنراڵ کۆبانی: ئامادەین بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا لە چوارچێوەی گفتوگۆی سووری-سووری لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و حکوومەتی ناوەنددا دانوستان بکەین.

«کۆفان کەنعۆ» سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دابە وتەکانی ئەم دواییەی ژەنراڵ کۆبانی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەبارەی ڕاسپاردەی ئەو هێزە و هۆکاری پێکهێنانی هێزەکەیان و وتی: هێزەکانی سووریا دیموکرات هەموو ساڵێک کۆنگرەیێک بەڕێوەدەبەن و لەو دانیشتنەدا فەرماندە و سەرکردەکانی ئەم هێزە ئامادە دەبن.

ناوبراو درێژەی دا: شاندێکی هاوپەیمانان ئامادەی ئەم کۆڕە ساڵانەیە بوون و لە بەیاننامەی کۆتایشدا ڕاگەیێنرا کە هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوپەیمانان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەردەوامن پێکەوە لەدژی تیرۆریستان.

ناوبراو وتیشی: ئەوەش ڕاگەیێندرا کە هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ لایەنی دیکەش واتا ڕووسیا، لە چوارچێوەی ئارامی و ئەمنیەت و شەڕی تیرۆردا هاوکاری دەکات.

کۆفان کەنعۆ ئاشکراشی کرد: ژەنراڵ کۆبانی لە کۆڕەکەدا ڕاشیگەیاندووە ئامادەی هاوکاریین لەگەڵ هەر لایەنێکدا کە بیەوێت کۆتایی بە قەیرانی سووریا بێنێت. ئێمەیش وەکوو پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا ئامادەین هاوکاریی ئەو لایەنانە بکەین کە بەدوای چارەسەر کردنی قەیرانی سووریادان.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزێکی دەسەڵاتدار و کاریگەرن و بەوتەی ژەنراڵ کۆبانی: ئامادەین بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا لە چوارچێوەی گفتوگۆی سووری-سووری لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و حکوومەتی ناوەنددا دانوستان بکەین.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا وتیشی: هەر بەوتەی ژەنراڵ کۆبانی ئێمەش خوازیاری پارچەپارچە کردنی خاکی سووریا نین . ئامادەین لە هەر شوێنێک داعش مەترسیی خستە سەر گیانی خەڵکی سووریا ڕووبەڕوویان ببینەوە.

ناوبراو جەختی کردەوە: ئێمە دەمانەوێت گرفتی سووریا بەبێ خوێنڕشتن کۆتایی بێت و ئامادەین بۆ دانوستانی سووری-سووری و ژەنراڵ کۆبانی کەسایەتیێکی بێگەردە کە بەنیازی ئەوەیە کە قەیرانی سووریا بەشێوەیێکی سیاسی چارەسەر بکرێت و ئامادەیە بەرگری لە هەموو قەوم ئەتنیکەکانی ناو سووریا بکات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 3055

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha