ئەمریکا بەبۆنەی کوردەوە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تورکیا، ناخاتە مەترسییەوە

بەشی سووریا- ئەندامێکی ئەنجومەنی گشتیی ئیئتیلافی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەڵێت: هەندێک دڵی خۆیان خۆش کردووە، زۆر دوور نییە کە ئەمریکا لە کوردستانی سووریا و ڕۆژهەڵاتی فۆرات دەکشێتەوە، چوونکە ئامادەبوونی ئەمریکا لە ناوچەکە بەبۆنەی کورد و دانوستانی کوردی-کوردییەوە نییە و ئەو وڵاتە پێوەندیی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت تورکیا بەبۆنەی مانەوە لە ڕۆژهەڵاتی فۆرات ناخاتە مەترسییەوە.

«شەلال گدۆ» سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتیکی کوردستانی سووریا و ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە ئەگەر ئەمریکا لە سووریا بکشێتەوە دۆخی کوردەکان بەتایبەت دانوستانی لایەنە کوردییەکان بەرەو کوێ دەڕوات، وتی: لە ڕاستیدا ئەمریکا بۆ هەمیشە لە سووریا و ڕۆژهەڵاتی فۆرات نامێنێتەوە و ئامادەبوونی ئەو وڵاتە لە سووریا بەمەبەستی دابین کردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیە و بەبۆنەی کورد و دانوستانی کوردی-کوردییەوە نییە.

ناوبراو وتیشی: پاش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و بۆ ماوەی 8 مانگە کە دانوستانی کوردی-کوردی ڕاگیراوە. لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی ترەمپدا ئەم دانوستانەی دەستی پێکردبوو بەڵام ئێستا دەبینین کە ئیدارەی بایدن لەمبارەوە بێ باک و خەمساردە، چوونکە ئەمریکا ئەگەر ویستبای لە شەو ڕۆژێکدا دانوستانەکان دەستی پێدەکردەوە.

شەلال گدۆ ڕاشیگەیاند: کشانەوەی ئەمرکیا مەترسییێکی گەورەیە و کراێکی عاقڵانە نییە کە هەموو هێزەکانی خۆی لەناوچەکە بکشێتەوە بەڵام ئەمریک بۆ هەمیشە لە ناوچەکە نییە و بوونیشی لەلایەن هەندێک وڵاتی ناوچەکەوە ڕەت دەکرێتەوە.

سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتیکی کوردستانی سووریا و ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) جەختی کردەوە: بەڕای من ئەمریکا پێوەندیی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت تورکیا بەبۆنەی مانەوە لە ڕۆژهەڵاتی فۆرات ناخاتە مەترسییەوە.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ئامادەبوونی ئەمریکا لەناوچەکە و هاوکاری کردنی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بەبۆنەی شەڕی داعشەوە بوو و ئەگەر داعش نەما، زۆر دوور نییە کە ئەمریکا خێرا سووریا جێبهێڵێت. هر بەو شێوەیە کە ئەفغانستانی چۆڵ کرد و ئێمە بینیمان کە تاڵیبان بە چ شێوەیێک ئەو وڵاتەی کۆنترۆڵ کرد.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی گشتیی ئیئتیلافی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دووپاتی کردەوە: هەندێک دڵی خۆیان خۆش کردووە، زۆر دوور نییە کە ئەمریکا لە کوردستانی سووریا و ڕۆژهەڵاتی فۆرات دەکشێتەوە، چوونکە ئامادەبوونی ئەمریکا لە ناوچەکە بەبۆنەی کورد و دانوستانی کوردی-کوردییەوە نییە و ئەو وڵاتە پێوەندیی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت تورکیا بەبۆنەی مانەوە لە ڕۆژهەڵاتی فۆرات ناخاتە مەترسییەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 3088

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha