مەبەستی تورکیا لە هێرشەکانی سەرشەنگان داگیرکردنی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و مووسڵە
بەشی سووریا- نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی گوت: هێرشی تورکیا بۆ سەر شەنگال هۆکاری زۆری هەن. تورکیا سەرباری ئەوەی بۆتە هەڕەشەیێک دژی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەنیازیشە کوردستانی سووریا گەمارۆ بدات و شەڕێک دەست پێبکات دژی هێزەکانی پاراستنی شەنگال و پەکەکە.

کوردپرێس:

نوێنەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر شەنگال کرد و گوتی: تورکیا دەوڵەتێکی دوژمن و داگیرکەر و دژی کوردە. تورکیا بڕوای بە مافی مرۆڤ نیە و لە هەر شوێنێک کە کوردێکی لێ بێت و دەستکەوتێکی هەرێت تورکیا دژایەتیی دەکات.

ناوبراو گوتیشی: تورکیا لە سیاسەتی ناوخۆ و هەرێمی و جیهانیدا ناکارامەیە و لە هەر شوێنێک پێویست بێت هێرش دەبات بۆ بەرژەوەندییەکانی کورد و ئەوە خووی داگیرکاریی تورکیایە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش زیاتر پەرە دەستێنێت.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر شەنگال هۆکاری فەراوانی هەن تورکیا سەرباری ئەوەی بۆتە هەڕەشەیێک دژی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەنیازیشە کوردستانی سووریا گەمارۆ بدات و شەڕێک دەست پێبکات دژی هێزەکانی پاراستنی شەنگال و پەکەکە.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە مەبەستی تورکیا ئەوەیە دەستی بە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و مووسڵ بگات و لەو ێگایەوە هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. بۆیە خۆ نابوێرێت لە هیچ هەنگاوێکی دژبە کورد.