وەزعی ناسەقامگیری کوردی سووریا پاش ڕووداوەکانی ئەفغانستان

بەشی جیهان- گۆڤاری فاینەنشاڵ تایمز، شاری کوردنشینی کۆبانێ دەشوبهێنێ بە کابولی پێتەختی ئەفغانستانەوە و جەختیش دەکاتەوە کە دوور نیە کوردەکانی سووریا پاش کشانەوەی ئەمریکا ئەم پێگە جێگیرەی ئێستایان لە دەست بدەن.

کوردپرێس:

لە ڕۆژانی ڕابردوودا پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، تاڵەبان کۆنتڕۆڵی ئەو وڵاتەی بە دەستەوە گرت. لەو ڕۆژەوە بەردەوام ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا کوردەکانی سووریاش پاش کشانەوەی ئەو 900 هێزەی ئەمریکا لە باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا تووشی داڕمانێکی لەو شێوەیەی ئەفغانستان دەبن یان خەیر.

گۆڤاری فاینەنشاڵ تایمز ئەوەشی بیر هێناوەتەوە کە کوردەکانی سووریا بە پشتگیریی ئەمریکا توانیویانەی پێگەی ئێستای خۆیان بە دەست بهێنن بەڵام پێگەکەیان ئەوەنە جێگیر نیە و پێ دەچێت بە کشانەوەی ئەمریکا نەتوانن ئەم پێگە و دەسەڵاتەی ئێستایان بپارێزن.

گۆڤارەکە، هێزەکانی کوردی سووریای دیموکرات بە هێزی لێهاتوو و بوێر وەسف دەکات بەڵام جەختیشی کردۆتەوە کە پێشڕەویی کوردەکانی سووریا بە بێ پشتگیریی هاوپەیمانیی دژەداعش دەست نادات.

فاینەنشاڵ تایمز لە هەمان کاتدا ستایشی بوێری و دلێریی کوردەکان دەکات چوونکە بە پێی نووسراوی گۆڤارەکە هەوڵ و قوربانی دانی کوردەکانی سووریا، بوونی ئەمریکای کەم ڕەنگ کردووە و بینیمان کە ئەمریکا بە کشانەوەی خۆی لە ناوچەکانی باکووری سووریا لە ساڵی 2019، پێگەی کوردی خستە مەترسییەوە تەنانەت هەڕەشە لە بوونی ئەو هێزە کوردییانەش کرا.

ئەو گۆڤارە لە کۆتاییدا نووسیویەتی: ڕووخانی کابول ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە کە پێگەی کوردەکانی سووریاش ناجێگیرە و مەترسیی لە سەرە.

News Code 3122

Your Comment

You are replying to: .
captcha