ئەمریکا نایانەوێت تورکیا لە پیشەسازیی بەرگریدا پێشکەوتوو بێت

بەشی تورکیا- پارتی گەلی کۆماریی تورکیا کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیایە، داوا لە حکوومەتی وڵاتەکەی دەکات سیستەمی مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی ئێس 400 کارا بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئوناڵ چەڤیکۆز، گوتەبێژی کۆمسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتیی جەهەپە-یە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر سەرباری سەرکۆنە کردن و رەتکردنەوەی بڕیاری سزاکانی ئەمریکا بەسەر وڵاتەکە، رایگەیاندووە، هۆکاری ئەو سزایانە، کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس 400 بووە.

چەڤیکۆز راشیگەیاندووە "ئێس 400 پرسی سەروەریی تورکیایە و کڕینی ئەو سیستەمە بژارە نەبووە، بەڵکوو ناچاری بووە دوای ئەوەی هاوپەیمانانمان لە ناتۆ رەتیان کردەوە سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیمان پێ بفرۆشن. ئەو سیستەمەی کە بە 2.5 ملیار دۆلار کڕدراوە، پێویستە بەزووترین کات کارا بکرێت".

ئەو بەرپرسەی جەهەپە روونیکردەوە، سزادانی سەرۆک و دامەزراوەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا لەلایەن ئەمریکاوە واتادارە و نایانەوێت تورکیا لە پیشەسازیی بەرگریدا پێشکەوتوو بێت، 40 ساڵە دوای ئۆپەراسیۆنی قوبرس، تورکیا گەمارۆی بەسەردا سەپێندراوە و بە ئەستەم چەکی پێشکەوتووی پێ دەدرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی دووشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2020 بەهۆی کڕینی سیستەمی ئێس 400ی رووسی لەلایەن تورکیاوە، ئەمریکا بە فەرمی سزای بەسەر بەڕێوەبەرایەتیی کەرتی پیشەسازیی بەرگریی ئەو وڵاتە و ئیسماعیل دەمیری سەرۆکیدا سەپاند و سامان و دارایی ناوبراو سڕدەکرێت و ڤیزای ئەمریکاشی پێنادرێت.

تورکیا سەرکۆنەی سزاکانی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، "لە کاتی گونجاودا" وەڵامی دروستیان دەبێت.

بڕیارەکەی ئەمریکا لەلایەن تورکیا و رووسیاوە سەرکۆنە کرا، وەزیری دەرەوەی رووسیا سزاکانی بە "نایاسایی" ناوبرد و گوتی، سزاکان دەرخەری ئەوەن کە ئەمریکا "لووتبەرزە بەرامبەر یاسای نێودەوڵەتی". هاوکات ئێرانیش سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئەمریکای کرد.

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 313

Your Comment

You are replying to: .
captcha