کێشەکانی نێوان هەر دوو هاوسەرۆکی یەکێتی زەبرێکی دیکە بوو لە پەیکەری ئەو حیزبە درا

بەشی جیهان- دوکتور ژین باجەڵان تەنگەژە و ناکۆکییەکانی ئەم دواییەنی نێوان دوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتیی نیشتمانی بە زەبرێکی تر لە جەستەی ئەو حیزبە وەسف دەکات.

کوردپرێس:

ملمانێ و ناکۆکیی ئەم دوایییە لە سەر دەسەڵات لە لووتکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لایەنگرانی ئەو حیزبەی نیگەران کردووە. ژمارەیێک لە چاودێران ئەو ناکۆکییانە بە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان دوو بنەماڵەی خاوەن نفووزی ئەو حیزبە دەزانن کە یەک لەو چاودێرانە دوکتور ژین باجەڵانە مامۆستای زانکۆی میزۆری.

دوکتور باجەڵان لەبارەی هۆکاری گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان دوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتی بە کوردپرێسی گوت: بە بڕوای من سەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێوان دوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتی بابەتێکی ناچاری بوو. حەقیقەتی باسەکە ئەوەیە کە هەمیشە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی بە هۆی جۆرێک لە سازانی نێوان دوو لایەنی جیاواز لە نێو یەکێتی بووە کە هەر یەکەو بە لایەنێک وەفادارن. بە حوکمی ئیقتیزائاتی سیاسەت لە نێو کوردەکان، دو هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی (باڤڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی) بۆ پارێزگاری کردن لە نفووزی خۆیان پێویستیان بە کۆنتڕۆڵ کردنی تۆڕێکی لایەنگرانی خۆیان بوو. بەو حاڵەشەوە یەکێتیی نیشتمانی هەمیشە سەرچاوەکانی سنووردار بوون و بە قەناعەتی من پێویست بوو ئەو ململانێیە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی پێکهاتەی حیزبەکە پێویست بوو ڕوو بدات.

ناوبراو لە بارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی تورکیا دەکرێن بۆ دەست تێکەڵیی لە ململانێکانی نێو یەکێتی ئەوەش بە هۆی پشتگیری کردنی لاهوور شێخ جەنگی لە کوردەکانی سووریا، دەڵێت: من لەو بڕوایەدا نیم کە تورکیا دەستی هەبێت لە گرژییەکانی نێو یەکێتی. پێ دەچێت ئەو وڵاتە بە شێوازێک پێوەندیی بە بابەتەکەوە هەبێت بەڵام من ئاگاداری ئەو مەسەلەیە نیم. بەڵام بڕوا ناکەم تورکیا هۆکاری سەرەکیی ململانێی نێو یەکێتی بێت. بە بڕوای من بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەکانی ئەو ناکۆکییە پێویستە بە دوای ڕکابەریی شەخسی و تاکە کەسیدا بگەڕین.

مامۆستای مێژووی زانکۆی میزۆریی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری گۆڕانی پێکهاتە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەر ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان باڤڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی بە کوردپرێسی گوت: من پێم وا نیە کە ناکۆکیی ئەم دوایییەی نێوان سەرکردەکانی یەکێتی ئەنجامەکەی ببێتە گۆڕینی هەیکەلیەتی حیزبەکە. حەقیقەتەکە ئەوەیە کە یەکێتیی نیشتمانی بابەتێکی بنەماڵەیی و خێزانییە. تا ئەو کاتەی یەک لە بنەماڵەکانی خاوەن دەسەڵاتی نێو یەکێتی واتا شێخ جەنگی و تاڵەبانی قبووڵی ئەوە نەکەن کە ببنە ژمارە دوو حیزبەکە گۆڕانکاریی پێکهاتە نابێتە هۆی باشتر بوونی دۆخەکە.

دوکتور ژین باجەڵان لەبارەی کارتێکەریی گرژیی نێوخۆیی لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەر پێوەندییەکانی ئەو حیزەبە لەگەڵ پارتی وەک هاوپەیمانی کۆنی یەکتر دەڵێت: لەبارەی شوێندانەریی ململانێی نێوان تاڵەبانی و شێخ جەنگی لە نێو یەکێتیی نیشتمانی لە سەر پێوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە ئەو بابەتە زیانێکی دیکە بوو لە پەیکەری یەکێتی درا. ڕاستە کە پارتی لە ژێر دەسەڵاتی یەک بنەماڵەدایە بەڵام بەڕێوەبردنی سیاسەتی خێزانی لەنێو ئەو حیزبە بە شێوەیێکی کاریگەرتر ئەنجام دراوە. یەکێتیی نیشتمانی لە حەفتاکاندا بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی سیاسەتەکانی پارتی بە سەرۆکایەتیی بارزانی دامەزرا. بەڵام لەجیاتی ئەوەی ببێتە بەدیلێکی چەپی نەرم بۆ پارتی، یەکێتییش بوو بە کۆپلەیێکی لاوازتری پارتی و ئەوەش جێی داخە.

News Code 3180

Your Comment

You are replying to: .
captcha