ئەمریکا و کوردەکان نیگەرانیی خۆیان لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی تورکیا دەربڕی

بەشی جیهان- کوردەکانی سووریا نیگەرانیی خۆیان لە زیاتر بوونی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی تورکیا بۆسەر باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان ڕاگەیاند. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایش داوای پابەندبوون بە ئاگربەستی ناوچەکە کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەرتەشی تورکیا ماوەی چەند ڕۆژە بە کەڵک وەرگرتن لە درۆن ژمارەیێک لە ئەندامانی هێزەکانی سووریای دیموکراتی لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کردە ئامانج. ڕووسیا و ئەمریکا بەشێوەی جیاجیا، پاش هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردانی سووریا لە ئاکتەوبری 2019 لەگەڵ ئەنقەرە گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەو ناوچانەدا.

یەک لە وتەبێژانی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا بە VOAی ڕاگەیاندووە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر نیگەرانە لە بارەی ئەو هەواڵانەی کە باس لە هەڵمەتی سەربازیی تورکیا لە سووریا دەکەن. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا پشتگیری دەکات لەو ئاگربەستەی ئێستا لەنێوان لایەنەکاندا کراوە.

شروان دەرویش، وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازیی شاری مەنبج کە سەربە هێزەکانی سووریای دیموکراتن، باس لە تۆخبوونی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی تورکیا دەکات بۆسەر شارەکانی کۆبانی، تەل تەمەر و قامیشلۆ.

ناوبراو بە دەنگی ئەمریکای وتووە ئاقاری سیاسیی ئێستا گونجاوی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەربڵاوی تورکیا لەم ناوچەیەدا نییە بۆیەش تورکیا دەستی کردووە بە بۆردوومانی ئاسمانی و بەکار هێنانی درۆنی سەربازی.

سس فرانتزمەن، شرۆڤەکاری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی پاشهاتەکانی هێرشی ئاسمانیی تورکیا دژ بە کوردەکانی سووریا هۆشداری دەدات و دەڵێت ئەم بابەتە دەتوانێت کاریگەریی نەرێنیی هەبێت لەسەر شەڕی داعش.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 3183

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha