کوردەکان وانە لە مێژوو وەرناگرن!

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا دەڵێت: نابێت داوا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بکەی لە شەڕی داعش و هێرشی وڵاتانی ناوچەکەدا پشتگیریت لێبکەن و هاوکات دژی بیری سەرمایەداری بوەستیتەوە و وڵاتانی لایەنگری کاپیتالیزم بەدوژمن بزانیت.

«فەرهاد تەلۆ» سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ڕووداوەکانی ئەمدواییەی ئەفغانستان و ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و ڕایگەیاند: هۆکاری کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان هێشتا ڕوون نەکراوەتەوە. ئەوەی کە ئاشکرایە ئەوەیە کە ئەفغانستان لە دۆخێکی خراپدایە و دیموکراسی لەو ناوچەیەدا سەرکەوتوو نەبوو و بەرپرسانی حکوومەتیش لە تالیبان باشتر نەبوون.

ناوبراو وتیشی: ئەمریکییەکان چەندین ملیار دۆلاریان لە ئەفغانستان خەرج کرد و چەند هەزار لە سەربازەکانیان لە شەڕێکی بیست ساڵەدا لەو وڵاتە کوژران. ئیدارە جیاوازەکانی ئەمریکایش بەناچار بەپێی خشتەی کاتیی دیاریی کراو لە وڵاتانی جیاواز کشانەوە. لە سەردەمی ئۆبامادا بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کشانەوە و لە سەردمی ترمپیشدا بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا باکووری سووریایان بەجێ هێشت و ئەمڕۆیش بایدن فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ئەفغانستان دەرکرد.

ناوبراو درێژەی دا بەڵام دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جیاوازە لە ئەفغانستان و چەند میللەتی جیاواز لە سیستەمێکی دیموکراتیکدا بە پێشەنگیی کوردەوە ژیان بەسەر دەبەن و ئەوەی کە ئەمریکا لە ئێستادا بەرنامەیێکی بۆ کشانەوە لە ناوچەکە هەیە یان نا؛ هێشتا دیار نییە چوونکە نەک هەر دۆخی سووریا بەڵکوو دۆخی عێراق و لوبنان، یەمەن و ئۆردۆن و بەگشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیراناوییە.

فەرهاد تەلۆ ڕاشیگەیاند: لەلایەکی دیکەوە ئەردۆغان و تورکیا بەدوای ئەوەدان دۆخی ئەفغانستان بقۆزنەوە و دەیشڵێن پەنابەرانی سووری و ئەفغانی بوونەتە نەهامەتی بۆ تورکیا بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەیهەوێت بە کارتی گوشاری پەنابەران گوشار لەسەر ئەرورووپا و تەنانەت چین دروست بکات.

سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا لەبارەی ڕێگاچارەی کورد لەم سەردەم و کاتەدا وتی: کورد مێژوو ناخوێنێت و وانەی لێوەرناگرێت. لە ئێستادا وڵاتانی ڕۆژئاو یارکەتیمان دەدەن و دەمانپارێزن بەڵام ئێمە ئیدیعای شەڕ کردن لەگەڵ کاپیتالیزم دەکەین ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەم وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەم چین و ڕووسیاش و وڵاتانی دیکەیش پڕۆسەی سەرمایەدارییان گرتۆتە پێش.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 3199

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha