لێدوانی مەزڵووم کۆبانی و هەڤاڵەکانی لە لایەن مامۆستاکانیان لە قەندیلەوە دادەڕێژرێت

بەشی سووریا- بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی تویتێکی مەزڵووم کۆبانی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی دایەوە کە پارتی بە هێرش کردنە سەر پەکەکە تۆمەتبار کردبوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە وەڵامەکەیدا بۆ مەزڵووم کۆبانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند: "مەزڵوم عەبدی و هەڤاڵەکانی لە قسە و بۆچوونی خۆیان ئازاد نین و هەموو لێدوان و ئاراستەکردنەکانیان لە لایەن مامۆستاکانیان لە قەندیلەوە دادەڕێژرێت، ئەگینا خۆیان دەزانن ئەوەی لە ئامێدی و شوێنەکانی دیکەش ڕووی داوە، هەمیشە چەکدارانی پەکەکە هێرشیان کردۆتە سەر خاڵەکانی پێشمەرگە.

ناوبراو وتیشی: "ئێمە هەموومان ڕێز لە بازگەکان دەگرین و قەبوڵیشمان کردووە پرسیار لە ناسنامەی ئێمە و خەڵکەکەمان بکەن، بەڵام ئەوان حیساب بۆ دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناکەن، ئەوەش زۆردارییێکی گەورەیە و بەردەوام تەحەمولمان کردووە".

سەربەست لەزگین دەڵێت: "با مەزڵووم عەبدی لەوانە بپرسێت کە خەڵکی کوردستانی سووریان و چەندان ساڵە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین، بەڵام چوونکە لەگەڵ بۆچوونی ئەوان و بۆچوونی پەکەکە ناگونجێن، نەک هەر لێیان ناپرسن، بگرە ڕێیان لێ دەگرن و نایەڵن بچنەوە کوردستانی سووریا، چونکە هەر کەسێک وەک ئەوان بیر نەکاتەوە، ئەوان بە مرۆڤیشی نازانن".

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند هێزێکی سەر بە یەکینەکانی پاراستنی گەل لە کوردستانی سووریاوە پەلاماری هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیان لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان داوە.

سەربەست لەزگین زیاتر وتی: پاش ئەوەی هەشت چەکداری پەکەکە ویستوویانە بە نایاسایی لە کوردستانی سووریاوە بێنە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و لە لایەن پێشمەرگەوە ڕێگەیان لێگیراوە، سێ چەکدار گەڕاونەتەوە و بەشێکیشیان پێداگرییان لە هاتنە نێو هەرێمی کوردستان کردووە، بۆیە پێشمەرگە ڕێگەی پێنەداون.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە پاش ئەم رووداوە، هێزێک کە لە نزیکەی 60 چەکدار پێکهاتوون و سەر بە یەپەگە بوون، لە کوردستانی سووریاوە بە چەکی قورس و مامناوەند هێرشیان کردۆتە سەر هێزێکی پێشمەرگە لە سحێلا و بە نیازبوون زیانێکی گەورە بە پێشمەرگە بگەیەنن، بەڵام هێرشەکەیان شکستی پێهێندراوە و "بە سەرشۆڕی گەڕانەوە".

لە کۆتاییشدا بریکارەکەی وەزارەتی پێشمەرگە هیوای خواست،جارێکی دیکە پەکەکە و دەستە و گرووپەکانی سەر بە پەکەکە کاری لەم شێوەیە دووبارە نەکەنەوە کە شەوی ڕابردوو ئەنجامیان دا.

شایانی باسە ڕۆژی ڕابردوو لەبارەی پێکدادانەکانی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و چەکدارانی پەکەکە لە ئامێدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریا دیموکرات لە پەیامێکدا رایگەیاند: "هێرشی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆسەر گەریلاکانی پەکەکە سەرکۆنە دەکەم و ئەوە دەبێتەهۆی لەدەست دانی دەستکەوتەکانی دۆزی گەلی کورد".

سەرچاوە: باسنیووز

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 321

Your Comment

You are replying to: .
captcha