ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا ئامادە دەکات

بەشی جیهان- نیل قیلیام لە گۆڤاری فارن پالسیدا دەنووسێت: ژمارەیێکی زۆر کەم لە بەرپرسانی ئەمریکی مانەوە لە سووریا لەبەرژەوەندیی وڵاتەکەیاندا دەبینن و واشنتن ڕێگری ناکات لە هەوڵدانی وڵاتانی عەرەبی بۆ قبووڵ کردنی دووبارەی دیمەشق کە ئەمەش بەواتای گۆڕینی سیاسەتی ئەمریکا لەبارەی سووریا و ئەگەری کشانەوەی 900 هێزی ئەو وڵاتەیە لە سووریا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بەردەوام ئەم پرسیارە کراوە کە ئایا ئەو وڵاتە هێزەکانی لە عێراق و سووریایش دەکشێتەوە. پرسی کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق و سووریا نیگەرانیی ژمارەیێک لە کوردەکانی ئەم دوو وڵاتەی لێکەوتۆتەوە.

گۆڤاری فارن پالسی لە وتارێکدا کە نیل قیلیام شرۆڤەکاری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دامەزراوەی چتم هاوس نووسیویەتی وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و بڕوای وایە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا کە زۆرینەیان لەناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریان لە ئارادایە.

ئەم شرۆڤەکارە بڕوای وایە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ئاست سووریا لە سەردەمی جۆ بایدندا گۆڕاوە و ئەم وڵاتە مەیلی مانەوە لە سووریا نەماوە. نیل قیلیام دەنووسێت: وڵاتانی عەرەبی دەزانن کە مومکینە سیاسەتی ئەمریکای لەئاست ئەفغانستان لەبارەی سووریاشەوە دووپات بێتەوە و خۆیان ئامادە کردووە کۆتایی بە ئەرکی واشنتن لە سووریا بێت. جگە لەمەش ژمارەیێکی زۆر کەم لە بەرپرسانی ئەمریکی ئیدارەی بایدن مانەوە لە سووریا لەبەرژەوەندیی وڵاتەکەیاندا دەبینن.

قیلیام لەبارەی پشتگیریی ناڕاستەوخۆی ژمارەیێکی وڵاتانی عەرەبی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سەرکردەیی کوردەکان و هەورەها بەدەستەوە گرتنی کونترۆڵی بیرە نەوتەکانی سووریا وتوویە: ئەم پشتگیرییە تەنها بۆ بەرەنگار بوونەوەی داعش بووە و ئەگەر دەبینرێت کە پشتگیری لە کونترۆڵ کردنی بیرە نەوتەکانی سووریا لەلایەن کوردەکانەوە دەکرێت بەم بۆنەوە بوو کە ئەم وڵاتانە دەیانویست کوردەکان تێچووی شەڕی داعش لەڕێگای فرۆشتنی نەوتەوە بەدەست بێنن.

ناوبراو لە درێژەدا باس لە مەیلی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە دەکات بۆ دووبارە قبووڵ کردنەوەی دەسەڵاتی ئەسەد و دروست بوونی لۆبیی ئەمریکی بۆ هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەدژی دیمەشق و دەڵێت ئەمانە نیشانەکانی ئامادەبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 3222

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha