باسی دەرەبەگ و جووتیار تێمای هاوبەشی چیرۆکنووسانی کورد تا حەفتاکان

بەشی فەرهەنگ و هونەر- چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی کورد ئارام کاکەی فەلاح لە لێدوانێکدا وەڵامی چەند پرسیارێکی کوردپرێسی داوەتەوە و دەڵێت تا حەفتاکان دونیای ناوەوە و دەرەوەی چیرۆکەکان جیاوازیی گەورەیان نەبووە. ئەو ژیانە سەخت و سادەیەی دەرەوە بە گێڕانەوەیێکی سادەوە هاتە ناو دونیای تێکستە کوردییەکانەوە. پاش حەفتاکان، لەسەر دەستی ڕوانگەییەکان بە تایبەتیش لە چیرۆکدا مامۆستا حسێن عارف جۆرێک لە تازەگەری بەخۆیەوە دەبینێت.

کوردپرێس:

ئارام کاکەی فەلاح چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی کورد لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس خوێندنەوەیێکی کورتی بۆ پێکهاتە و مێژووی چیرۆکنووسیی کوردی کردووە و دەڵێت: چیرۆکی کوردی لە بیستەکانی سەدەی بیستەوە تا حەفتاکان لە دەوری یەک دوو بابەتی سەرەکی جووڵاوەتەوە، ئەوانیش چینایەتیی و هەژاریی لەگەڵ بابەتی نەتەوایەتیی. هەژاری و چینایەتیش بەو مانایەی کە باسی دەرەبەگ و جووتیار بابەتی سەرەکی و تێمای هاوبەشی نووسەران بووە.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ نووسەر ئارام کاکەی فەلاح لێرەوە بخوێنەوە:

کوردپرێس: وەک چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی بەرجەستەی کورد کە خاوەنی چەندین چیرۆک و ڕۆمان و وەرگێڕانن، پێتان وایە تەوەری گێڕانەوە لە نێو نووسەرە کوردەکان لە چ قۆناغێکدا خۆی دەبینێتەوە؟ ئایا نووسەرانی کورد بە عام توانیویانە بەرهەمەکانیان لەگەڵ جووڵەی سەردەمیانەی زانستی گێڕانەوە بگونجێنێت؟ ئەو جوڵەیەی پێکهاتەخوازیی تێپەڕاندووە و بۆچوونی پاش پێکهاتەخوازیش لە نووسینی سەردەمیاندا بە فراوانی دەبیندرێت. کەسانی بەجەستەی وەک بەختیار عەلی، شێرزاد حەسەن، خۆتان، عەتا نەهایی و ئەو نووسەرە زیندووانە دەکەم، کە ئیستا قەڵەمەکانیان بە دەستەوەیە و بە هەموو جیاوازییەکانەوە دەنووسن و چەلەحانێیان لەگەڵ مێشکی خۆیانە بۆ شێوازی نووسینەکەیان؟

ئارام کاکەی فەلاح: دەتوانم چیرۆکی کوردی چ وەک ناوەڕۆک و چ وەک لایەنە هونەرییەکانی نووسین و شێوازی گێڕانەوە بۆ چیرۆکی پێش حەفتاکان و دوای حەفتاکان جیابکەمەوە. چیرۆکی کوردی لە بیستەکانی سەدەی بیستەوە تا حەفتاکان لە دەوری یەک دوو بابەتی سەرەکی جووڵاوەتەوە، ئەوانیش چینایەتیی و هەژاریی لەگەڵ بابەتی نەتەوایەتیی. هەژاری و چینایەتیش بەو مانایەی کە باسی دەرەبەگ و جووتیار بابەتی سەرەکی و تێمای هاوبەشی نووسەران بووە. دونیای ناوەوە و دەرەوەی چیرۆکەکان جیاوازی گەورەیان نەبووە. ئەو ژیانە سەخت و سادەیەی دەرەوە بە گێڕانەوەیەکی سادەوە هاتە ناو دونیای تێکستە کوردییەکانەوە، ئەم پرۆسەیە تا ساڵی حەفتاکان بەردەوام دەبێت، ئەو کاتە لەسەر دەستی ڕوانگەییەکان بە تایبەتیش لە چیرۆکدا مامۆستا حسێن عارف جۆرێک لە تازەگەری بەخۆیەوە دەبینێت. ئەم تازەگەرییەش ناڵێم لە چای شیرینەوە دەست پێ دەکات، چونکە ئەم چیرۆکە هەم لە ساڵی پەنجاو حەوتدا نووسراوە و هەم تەنها ناوەکەی لای من شیرینە، بەڵام تازەگەریی پێوە نییە، ئەوی لای من تازە بوو( بێگومان ڕەنگە لای یەکێکی تر وا نەبێت)، کۆمەڵە چیرۆکی گەلەگورگە و لەناو ئەو کۆمەڵەیەشدا تەنها ئەو چیرۆکە، کە لێرەوە چیرۆکی کوردی جۆرێک لە سەربەخۆیی وەرگرت و لە گێڕانەوەیەکی سادەوە حیکایەتی بەرئاگردانەوە گۆڕدرا بۆ گێڕانەوەی هونەریی و لێرەوە یەکەم هەنگاوی بە هونەرکردنی گێڕانەوەی چیرۆکی کوردی دەست پێدەکات.

گرفتەکە ئەوە بوو نووسەران لەو سەردەمەدا تەنها توانیان جۆرێک لە چیرۆکی هونەریی بنووسن وەک لەوەی بتوانن لایەنەکانی ئەو تازەگەرییەی لە ئارادا بوو دەستنیشان بکەن. ئەوەی جێگای ڕێزی گەورەی منە بۆ حسێن عارف ئەوەیە کە هەم یەکەم کەس بوو چیرۆکی هونەریی بنووسێت و لەهەمان کاتیشدا هەوڵی دا باسی چۆنێتیی چیرۆک نووسین و لایەنە ئاڵۆزەکانی بکات. بە مانای ئەم مامۆستایەمان تەنها نەهاتووە چیرۆک بنووسێت بەڵکو ئەو هوشیارییەشی دروست کرد کە باس لە چۆنێتی چیرۆک نووسین و ئەزموونی نووسینی خۆی بکات. پێش حسێن عارف و دوای ئەویش زۆر نووسەر هاتوون و چیرۆکیان نووسیووە و خۆیان تاقی کردۆتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەم مامۆستایەدا ئێمە لەبەردەم نووسەرێکداین کە وشیارە بەرامبەر ئەوەی دەینووسێت.

هەرچەندە هەروەک هەموو سەرەتاکانی تر زۆر سادە باسی لایەنەکانی نووسینی چیرۆک دەکات ، بۆئەمەش خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو وتارەی ئەم مامۆستا ئازیزە نووسیوێتی بەناوی (نهێنییەکانی هونەری چیرۆکنووسین) کە لەوێدا باسی تێگەیشتینی ئەو بۆ زمان و کەسان(کاراکتەر) و کاتیگۆری کات و شوێن و تەکنیک و زۆر شتی تریش. بۆ نموونە لە باسکردنی تەکنیکدا( کە من کاتی خۆشی باسم کرد) دەنووسێت: (تەکنیک مانای وەستایی، یانی شارەزایی و پەیبردن بە هەموو پێچووپەنا و نهێنییەکانی پیشەو سەنعاتە). بێگومان تەکنیک ئەمە نییە و من وتارێک نووسی بەناوی (شێوازی گێڕانەوە و تەکنیکی چیرۆک و ڕۆمان) کاتی خۆی هەم لە ڕەخنەی چاودێردا و هەم لە پاشکۆی ئەدەب و هونەردا بڵاوبووەوە، ئەوەی پێی خۆشە دەتوانێ بچێتەوە سەری و بیخوێنێتەوە. بەڵام لێرەدا من نامەوێ لە جوانی نووسین و ڕەچەشکێنی ئەم مامۆستا ئازیزەمان کەم بکەمەوە کە من خۆم هەمیشە ئەو وەکو یەکەم مامۆستای چیرۆکی هونەریی کوردی دەبینم. دوای ئەویش نووسەران هاتن و تەکنیکیان لە بەکارهێنانی ڕاناوی یەکەمی تاک کە منم، یان یەکەمی کۆ، یان لە کەسی سێیەمی وەک ئەو و ئەواندا قەتیس کرد کە ئەمەش لای من گۆشەنیگای گێڕانەوەیە نەک تەکنیک. ئەمانە فۆرمی کەسایەتین لەناو تێکستەکاندا. تەکنیک بریتییە لە لەو هێزەی کە دەبێتە ڕێخەر و دابەشکردنی ڕۆڵ وکەسایەتی و دیمەن و ڕووداوەکانی ناو چیرۆک و ڕۆمان تا هارمۆنییەک بدات بە گێڕانەوە. هیچ چیرۆک و ڕۆمانێکیش نییە لە دونیادا بێ تەکنیک بنووسرێت، ئەوە هەر لای ئێمە پێناسەیەکیان نییە بۆ تەکنیک. تۆ قەت ناتوانی پێش ئەوەی بنووسیت بڵێیت من ئەو جۆرە تەکنیکە هەڵدەبژێرم چونکە ئەوە پێویستی تێکستەکەیە چ تەکنیکی دەوێت بۆ نمایشکردنی خۆی. بۆ نموونە گەر کاراکتەرێکی تۆ لە گۆشەنیگایەکەوە قسە بکات کە زانیاری لەبارەی ڕووداوی ناو تێکستەکەوە کەم بوو، لەهەمان کاتدا نووسەر خۆی لە گێڕانەوەدا بەشداری نەکات ئەوا تۆ لەم بارەدا پێویستت بە تەکنیکی فرەدەنگی دەبێت تا بتوانی چیرۆکەکە بگێڕیتەوە و هەموو تابلۆکە پێشان بدەیت. وەک دەبینی ئەم پرۆسەیە زۆر ئاڵۆزە و لای ئێمەی کورد و خورهەڵاتیش بە دێڕی وەکو ئەمە زۆر جوان و تەکنیکێکی سادە نووسراوە خۆیان رزگار دەکەن بێ ئەوەی بزانن تەکنیک چییە و پێناسەیەکیان بۆی هەبێت . لای ئەوانیشەوە دێت و دەگاتە ئەو نەوەیەی من کە بە نووسەرانی دوای ڕاپەڕین ناو دەبرێین، یان نووسەرانی نەوەدەکان. ئەوەش باشترە خۆم باسی نەکەم و کەسانی تر بێن و لایەنەکانی شیبکەنەوە. چونکە چەند کەسێکی کەم بووین ئەوانیش یان وازیان لە نووسین هێنا، یان وازیان لە نووسینی چیرۆک هێنا و کەوتنە نووسینی ڕۆمان. ئەوەی پێم خۆشە لێرەدا باسی بکەم دیاردەیەکی زۆر سەیر لە ڕێچکەی نووسینی چیرۆک و ڕۆمانی کوردیدا ڕوو دەدات. با کەمێک بچینەوە بۆ سەرەتاکان. لەسەرەتای سەدەی بیستدا و بە تەواویش لەساڵی بیستەکانیدا یەکەم چیرۆکی کوردی دەنووسرێت کە ئەویش چیرۆکی لە خەومای جەمیل سائیبە.هەتا بڵێی چیرۆکێکی جوان و پڕ ڕەخنە لە دەسەڵاتی شێخ مەحموود و باسی تاوان و گەندەڵییەکانی حکومەتەکەی دەکات. ئەمە با لێرەدا بوەستین و باسی سەرەتای ڕۆمانی کوردی بکەین. مەسەکەی ویژدان کە یەکەمین ڕۆمانی کوردیە و لە کۆتایی بیستەکاندا دەنووسرێت، ئەویش بە دیدێکی ڕەخنگرانەوە دەنووسرێت.، بەڵام ئەم ڕۆمانە کەس نایبینێت تا ساڵی حەفتاکان چاپ دەکرێت و بڵاودەبێتەوە. تا کۆتایی چلەکان ڕۆمانی دووم دەنووسرێت کە ئەویش ڕۆمانی ژانی گەلە ئەمیش تا سەرەتای حەفتاکان چاپ ناکرێت. ئەوەی لێرەدا دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە چ چیرۆکێکی باشی وەک لەخەوما بە ئاسمانەوە دەمێنێتەوە و هیچ چیرۆکێکی تری بەواوە نایەت لەخۆی بچێت و هیچ کاریگەرێک جێناهێڵێت بۆ بەردەوامیی، هەروەها مەسەلەی ویژدان و ژانی گەلیش هیچ کاریگەرێک بەجێناهێڵێن تا نووسەری تر بێت و ئەو ڕێگایە تەواو بکات و لەسەر ئەو ڕێچکەیە ڕۆمانی تر بنووسێت. ئیدی تا هەشتاکان دەرگا لەسەر نووسینی ڕۆمان دەکرێتەوە. بیهێنە بەرچاوی خۆت گەر مەسەلەی ویژدان کاتی خۆی یەکسەر چاپ ببوایە و بڵاوبوایەتەوە لەبارەی ڕۆمانەوە زۆر شتی تری دەگۆڕی.

کوردپرێس:: بە نووسینی کامە نووسەری کورد و بیانی سەرسام دەبن و لە کارەکانتاندا زیاتر رووتان لە کامە قووتابخانەیە.

ئارام کاکەی فەلاح: لە نووسەرە کلاسیکییەکان دۆستۆێڤسکیم لە هەمووان پێ گەورەترە. دۆسۆێڤسکی کە بە ڕووسی دەخوێنیتەوە ئینجا هەست بەو کاریگەرییە دەکەیت کەلەسەر خوێنەر جێی دەهێلێت. ئانا دۆسۆێڤسکایا ی ژنی لە بیرەوەرییەکانیدا دەنووسێت: (کاتێ رۆمانی برایانی کارامازۆڤم بۆ دۆستۆێڤسکی دەنووسییەوە لە هەندێ شوێنداخۆم بۆ نەدەگیرا و دەگریام، ناچار بووم زوو زوو فرمێسکەکانم بسڕم تا نەکەونە سەر لاپەڕەی بەردەمم و پیت و دێڕەکان تێک نەدەن). من کافکام زۆر خۆشدەوێ، بەڵام گەر لە نێوان کافکا و مارکیزدا ناچارم بکەیت یەکێکیان هەڵبژێرم، ئەوا مارکیز هەڵدەبژێرم چونکە پڕە لە ژیان. داریوفۆ زۆر دەخوێنمەوە و لای من درامانووسێکی گەورەیە و چێژێکی بێ سنوور لە شێوازی نووسینی دەبینم، شێوازێکی کۆمیدی غەمئاوێز کە پڕێتی لە ڕووداوی چاوەڕوان نەکراو. ئیمبرتۆ ئیکۆ، زافۆن پڕم دەکەن لە خەیاڵ و جوانی و رووداو. لە تازەکانیش ماریکا لوکاس، هەروەها ئیڤان ڤیرییائیف. لە نووسەرە سویدییەکانیش ستیگ لارشۆنم لە سترینباری پێ گەورەترە. بیرت نەچێ تێکست زۆر هەڵخەڵەتێنەرە، هەندێ تێکست هەن تەنها بەو زمانەی پێی دەنووسرێن جوانن و چێژ دەبەخشن. بۆ نموونە بوف کوری سادیقی هیدایەت لای من تەنها بە فارسی جوانە. لە زمانی عەرەبیشدا پێت سەیر نەبێ حیدر حیدر لە زۆریان نووسەرترە و زۆر کەس نایناسێت. بەڵام سیحرێکی سەیر لە چیرۆکەکانیدا هەیە.

نووسەرە کوردەکان زۆر کەم دەخوێنمەوە بە تایبەتی تازەکان چونکە من لە وڵات ناژیم و ئەو کتێبە کوردییانەی چاپ دەبن بە داخەوە نابینم. بەڵام بەختیار عەلی دەخوێنمەوە و لای من نووسەرێکی یەکجار گەورەیە و هەموو وشە و دێڕیک بە سووتان وشیارییەکی گەورەوە دەنووسێت و پێخوشحاڵم دونیای دەرەوە بەرە بەرە دەیناسن و دەیخوێننەوە. ئەوەی لە هەموو شتێ زیاتر لای بەختیار پێم خۆشە ئەو ئیرادە بەهێزەیە کە کاراکتەری ڕۆمانەکانی هەیانە. لە چڵ و چێو و سووتانی خۆیانەوە هەڵدەستنەوە و باوەش بۆ دونیا و مرۆڤەکان دەگرنەوە. بەختیار هێزێکی گەورەی نووسینی هەیە دونیای ناشرینی دەرەوە پێشان بدات بێ ئەوەی بیەڵێ رۆحی مرۆڤەکان تێک بچێ. لەگەڵ نائومێدییەکەیاندا نایەڵێ کاراکتەرەکانی رقیان لە ژیان و مرۆڤەکان ببێتەوە.ئەم نووسەرە جوانە هێزێکی وای هەیە دەتوانێ جوانترین شت زۆر ناشرین پێشان بدات و بیشییەوێ دەتوانێ ناشرینترین شت جوان بکات.

من بۆ خۆم پێم خۆش نییە سەر بە هیچ قوتابخانەیەک بم و هەست دەکەم پۆلێنکردنی نووسەر لە ژێر ناوی قوتابخانەیەکدا زیان بە تێکست و نووسەر دەگەێنێ. تێکست دەبێ هەموو قوتابخانەکان بێت و هیچیشیان نەبێت.

کوردپرێس: کتێب نووسین بووەتە دیاردە و زۆر بە ئاسانی هەموو کتێبێک لەچاپ دەدرێت. نووسەران زوو زوو دەست بۆ قەڵەم دەبەن. ئیستا ئەم بابەتە بۆتە خەسارێک و ئەگەر چی توێژە و نووسەری گەورە بە نووسینەکەیدا دەناسرێت، بەڵام ئەم شپرزەییە وا دەکات جیاکردنەوەی نەخت و پووختەکان لەو نووسینانەی پلەیان خوارترە دژوار بێت. یان لانی کەم کاتی زیاتر لە خوێنەر بگرێت. دیارە نووسینی کتێب پێویستی بەوەیە لیژنەی زانستی هەڵسەنگاندنی بۆ بکات. لە نێو ئینگلیزی زمان و عەرەب زمان و فارسی زمانەکان ئەمە دەکرێت و گۆڤارەکانیان نوانەسازی کراون پێش لە چاپدانی وتار. بەچەند داوەر هەڵسەنگاندن بۆ وتار دەکەن و بڵاڤگەکانیشیان لیژنەی زانستی و پێداچوونەوەی هەیە. پێدەچێت پێویستە گۆڤارەکان بە ئەکادیمیانە و سەردەمیانە دەربکرێت، بڵاڤگەکانیش پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی ئەو کتێبانە بکەن کە دەیانەوێ چاپی بکەن. بەڕێزتان ئەگەر چی لە کوردستان نین، بەڵام وەک پسپۆڕێک ڕاتان لەو بارەوە چییە و چارەسەری بە چی دەزانن؟

ئارام کاکەی فەلاح: بۆ نووسینی کتێب، من لەگەڵ هیچ سانسۆرێکدا نیم. سانسۆر تەنها لە خۆرهەڵات هەیە و ئەویش مەبەستێکی سیاسیی لە پشتەوەیە. لیژنە بۆ سەیری کتێب بکات و هەڵیسەنگێنێت؟ با واز بێنین خوێنەر خۆی داوەر بێت نەک لیژنەیەکی سێ چوار کەسیی. ئەوەی کە تا ئێستا باسی سانسۆر دەکات ئاگای لە دونیای مۆدێرن و ئینتەرنێت نییە. ئێستا هیچ هێزێک لە دونیادا نییە تێکستێک سانسۆر بکات. ئەوانەی کتێبێک سانسۆر دەکەن ئاگایان لەوە نییە کە بە سانسۆرکردنی کتێبێک وا دەکەیت زیاتر بخوێندرێتەوە. بە تایبەتی کتێبی باش لەگەڵ سانسۆرکردنیدا جارێکی تر لەدایک دەبێتەوە. گەر کتێبێکیش بێکەڵک بوو وازی لێبێنە خوێنەر و مێژوو بڕیاری لەسەر بدەن. ئازیزم! هیچ هێزێک ناتوانێ کتێبێکی باش بکوژێت، هەروەک چۆن هیچ هێزێکیش ناتوانێ ژیان بە کتێبێکی خراپ و بێ کەڵک بدات. من لە سوید دەژیم و لێرە هەر بە ئینتەرنێت داوای ژمارەی سپاردن دەکەیت، ناوی خۆت و ئەدرێسەکەت دەنووسیت و تەواو. جاران ناوی کتێبەکەت دەنووسی و ئێستا تەنانەت ئەوەشی ناوێت، یەک ژمارە تا دە ژمارە دەتوانی بە یەک جار داوا بکەی. تاقە شتێک کە لێت داوا دەکەن ئەوەیە کە کاتێ کتێبەکە دەرچوو، نووسخەیەک بۆ چەند کتێبخانەیەک بنێریت تا تۆماری فەرمیی بکەن و بیخەنە بەر دەستی خوێنەر بۆ خوێندنەوە. بەڵام بێگومان لیژنەی هەڵسەنگاندن بۆ تێکستی زانستی گرنگە، زانستی مەبەستم فیزیا و کیمیا و فەلەک و پزیشکییە. بۆ گوڤاری ئەدەبیش بێگومان تۆ گەر خاوەنی گۆڤارێک بیت، پێت خۆشە تێکستی جوانی تێدا بێت و نایەیت هەموو چیرۆک و شیعر و ڕەخنەیەک بڵاو بکەیتەوە. بەڵام هەر ناتوانی ڕێگری لێ بکەیت. بۆیە با واز لە سانسۆر بێنین و ئەوە بە چارەسەر نەزانین، بەڵکو چارەسەری دیموکراتی ئەوەیە واز بێنن چی دەنووسرێت با بنووسرێت و وەک وتم ئەوەی داوەر بێت با خوێنەر و مێژووی ئەدەب بێت.

سازدانی دیمانە: مەنسوور ڕەحیمی

News Code 3225

Your Comment

You are replying to: .
captcha