پێویستە هەرێمی کوردستان و قەندیل ناکۆکییەکانیان وەلابنێن

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا دەڵێت: هەرێمی کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریا مەترسیی گەورەیان لەلایەن تورکیاوە لەسەرە. پۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان و قەندیل لەبارەی دۆخەکە بگەنە لێکتێگەیشتن چوونکە لەدەست چوونی کوردستانی سووریا لەدەست چوونی کوردستانی عێراقی بەدواوەیە.

«کۆفان کەنعۆ» سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دایە هەڕەشەی تورکیا بۆسەر دوو ناوچەی کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریا و ڕایگەیاند: تورکیا بڕوای بە مافی میللەتەکان نییە. ئەم وڵاتە جگە لەوەی کە عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی لە کوردستانی سووریا داگیر کردووە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان خەڵکی بێ تاوانی قامیشلۆ و تەل تەمەر و شەنگال بۆردوومان دەکات.

ناوبراو درێژەی دا: لەم ڕووداوانەدا حکوومەتی ڕووسیاش بەرپرسە چوونکە بە ئامادەبوونی ڕووسیا گرێبەستی ئاگربەست لەنێوان ئێمە و تورکیا واژۆ کرا بەڵام سوپای تورکیا بەهیچ شێوەیێک پێبەندی ئاگربەستەکە نییە. لەلایەکی دیکەشەوە هاوپەیمانان و ئەمریکا کە لەشەڕی تیرۆردا هاوکاریمان دەکەن هەمبەر هەڵمەتەکانی تورکیا بێدەنگن.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا زیاتر وتی: تورکیا بڕوای بەسنوورەکانی نییە و دەیهەوێت ناوچەکانی دیکەش داگیر بکات و لەم چوارچێوەدا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ئێمە بەربڵاو کردۆتەوە. وەزیری بەرگریی تورکیا چەندین جار لەبارەی هەڵمەتەکانیان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە ئێمە بۆ داخڵ بوون بە خاکی خۆمان پێویست ناکات مۆڵەت لەکەس وەربگرین.

کۆفان کەنعۆ جەختی کردەوە هەرێمی کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریا مەترسیی گەورەیان لەلایەن تورکیاوە لەسەرە. پۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان و قەندیل لەبارەی دۆخەکە بگەنە لێکتێگەیشتن چوونکە لەدەست چوونی کوردستانی سووریا لەدەست چوونی کوردستانی عێراقی بەدواوەیە. پێویستە حزبە کوردییەکان واز لە بەرژەوەندیی بەرتەسکی حزبی بێنن.

ناوبراو وتیشی: لەلایێکی دیکەوە زۆر پێویستە ئێمە وەکوو حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد لە کوردستانی سووریا یەکگرتوو بین چوونکە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر مەترسییێکی گەورەی لەسەرە.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا وتیشی: لە پەیمانی لوزانەوە تاکوو ئەمڕۆ سەد ساڵ تێپەڕیوە و پاش سەد ساڵ، کورد دەسکەوتێکی هەبووە و بێ گومان ئەگەر لەناو بچێت دەبێت سەد ساڵی دیکە چاوەڕوان بین.

کۆفان کەنعۆ وەبیری هێنایەوە: ئێمە لە کوردستانی سووریا هەم دەبێت بگەینە ڕێککەوتنی سیاسی و هەم پێویستە ڕێککەوتنێکی سەربازیمان هەبێت بۆ هەماهەنگ کردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و لەشکری ڕۆژ.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 3228

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha