ڕێبەری باڵای ئێران داوا لە بەرپرسانی حکوومی دەکات ململانێی نێوخۆیی بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن
بەشی ئێران- ڕێبەری باڵای ئێران لە لێدوانێکدا چەند ئامۆژگاری و ڕێنماییی ئاراستەی بەرپرسانی ئێران کرد و خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەی نێوخۆیی لەنێوان بەرپرسان و ڕاشیگەیاند کە تۆڵەی خوێنی سەردار قاسم سولەیمانی لە کاتی گونجاوی خۆیدا دەسنرێت.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشەمە 26ی سەرماوەزی 1399 ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران بەشداریی ڕێوڕەسمی یادی شەهید قاسم سولەیمانیی کرد و لە لێدوانێکدا چەند خاڵێکی ئامۆژگاریی ئاراستەی بەرپرسانی وڵاتی ئێرانیش کرد.

ئایەتوڵا خامنەیی داوای لە سەرجەم لایەنەکانی بەشداربووی دەسەڵات کرد ناکۆکی و ململانێی نێوخۆیان بە دانوستان و دیالۆگ چارەسەر بکەن.

ڕێبەری باڵای ئێران لە وتارەکەیدا 4 خاڵی ئامۆژگاریی ئاراستەی بەرپرسان کرد: یەکەم داوای کرد لە هەموو بوارەکاندا ئێران خۆی بەهێز بکات و دووهەم ئەوەی هەرگیز متمانە بە دوژمنان نەکەن و سێهەم ئەوەی یەکڕیزیی نیشتمانی بپارێزن و چوارەمیش زیاتر لەوەی بیر لە لابردنی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران بکەن هەوڵی پووچەڵکردنەوەی ئەو گەمارۆ ئابووری و سەربازییانە بدرێت.

ئایەتوڵڵا خامنەی ئاماژەی بە تیرۆرکرانی شەهید قاسم سولەیمانی کرد و ڕاشیگەیاند: "تۆڵەکردنەوەی خوێنی سەردار سولەیمانی بێگومان ڕوو دەدات و هەر کاتێک کە بە گونجاومان زانی تۆڵەی ئەو شەهیدە دەکەینەوە."

 

منصور رحیمی