ئەمریکا لە عێراق لە سەر ئەو تێڕوانینە کلاسیکە فاشیلە دەڕوات کە ئینگلیز بونیاتی ناوە/ حەقە ئێران ڕۆڵی زیاتر ببینێت لە هەرێمی کوردستان و مامەڵەی باشتریش لەگەڵ ئەو قەبارە دەستوورییە بکات
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئاسۆ حاجی لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە پرسی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق و کاریگەریی وڵاتانی هەرێمی و ئەمریکا لە سەر هاوسەنگیی هێز لە بەغدا و هەرێم کردووە.

کوردپرێس:

ئاسۆ حاجی ڕۆژنامەنووس و نووسەری کوردی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس وەڵامی چەند پرسیارێک لەبارەی هەرێمی کوردستان و هاوسەنگیی هێز لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەداتەوە. ناوبراو ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامی فدراسیۆنی جیهانیی رۆژنامەنووسانە. لە میدیا و ماڵپەڕە کوردییەکان لە سەر پرسی کورد و ڕووداوە هەرێمییەکان دەنووسێت و سێ کتێبی چاپکراوی هەیە: «نەجەف لە چاوەڕوانیی ئیمامدا»، «بارزانی پێشمەرگەی سەربەخۆیی» و «لە پاریسەوە تا تەیراوە».

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ ئاسۆ حاجی لێرەوە بخوێنەوە:

کوردپرێس: زۆر چاودێری سیاسی پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان نیگەرانییان لەبارەی دووپات بوونەوەی هەمان سناریۆ لە عێراق و سووریا دەربڕیوە و پێیان وایە کشانەوەی ئەمریکا لەو دوو وڵاتە مەترسی لە سەر پێگە و دەسەڵاتی کورد دروست دەکات. ژمارەیێک لە چاودێرانیش پێیان وایە دۆخی هەرێمی کوردستان جیاوازیی زۆرە لەگەڵ ئەوەی ئەفغانستان و نابێت ئەو بابەتە وەک یەک بەراورد بکرێن. ڕای ئێوەی بەڕێز لەم بارەیەوە چیە؟

ئاسۆ حاجی: بەراورد کردنی ئەو دوو دۆخە هەندێک دوورە لە لۆژیک. چوونکە پێش ئەوەی ئەمریکا بڕیاری کشانەوە لە ئەفغانستان بدات لە ساڵی 2011 هەمان ئەو چیرۆکە لە عێراق هەبووە و لە سەردەمی ئۆباما، ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق دا. پێش ئەوەش لە 1999 تا 2003 یەک سەربازی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان بوونی نەبووە بەڵام لەگەڵ ئەوەش بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ناوچەی دژەفڕینی دروست کرد کاریگەریی باشی هەبوو. ئەو کاتە هەرێمی کوردستان وەکوو قەوارەیێکی دیفاکتۆ لە چوارچێوەی سنووری عێراق بوونی هەبوو. لە دوای 2003 وە و پاش کەوتنی بەعس ئامادەییی سەربازیی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان کە زۆرینەیان هاوپەیمانیی ئەتڵەسی ناتۆ پێکی دەهێنن لە سەرتاسەری عێراق بوونیان هەیە و لە هەرێمی کوردستانیش چەند بنکەیێکیان هەیە. بە بڕوای من ئەمریکا لە ئەفغانستان بەو کشانەوە بێ سەروبەرەی کردی، هەڵەیێکی ئەوەندە کوشندەی کردووە کە بڕوا ناکەم ئەو ئیدارەیە یان ئیدارەیێکی نوێیش بێت جارێکی تر ئەو هەڵەیە دووپات بکاتەوە. ئەمریکا پێشتر ئەوەشی لە سووریا کرد. ئەزموون پێمان دەڵێت ئەمریکا لە هەر کوێ بڕیاری وای دابێ هێزە توندڕەوەکان پێشڕەوی دەکەن لە سووریا کە بڕیاری کشانەوەی دا میلیشیا و گرووپی توندڕەو جێگاکەیان پڕ کردەوە لە ئەفغانستانیش ئەوە تاڵیبان دەسەڵاتی وەرگرتەوە. بۆیە هیچ ئاماژەیێک بوونی نیە کە ئەمریکا لە عێراق و بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان بڕیارێکی وا بدات. چوونکە لە 2003وە تا ئێستا سەربازێکی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان خوێن لە پەنجەیێکی نەهاتووە. ئەگەر هەیە ئەمریکا لە بەشەکانی دیکەی عێراق و لە باشووری ئەو وڵاتە زیانی لێکەوتبێت بەڵام بابەتەکە لە هەرێمی کوردستان زۆر جیاواز بووە.

کوردپرێس: ئەگەر سەرنج بدرێتە سەر هۆکاری کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند لەبەر گەندەڵی و لەبەر ئەوەی پاش 20 ساڵ هەوڵەکانیان لە پێکهێنانی سوپای نیشتمانیی کارا و دەسەڵاتێکی تەندروست سەرکەوتوو نەبوو لەو وڵاتە کشاونەتەوە. دیارە سیاسەتی ئەمریکا لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی ئەو وڵاتە دادەڕێژرێت و ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان لە مەرجەعی باڵادەستی ئەمریکاوە بڕیاری کشانەوە لە عێراق بدرێت ئەوە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە چوونکە بەشێکە لە خاکی عێراق و چەندین ساڵیشە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە باسی هەوڵی خۆیان دەکەن بۆ یەکخستنی کوردەکان و یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازی کردن لە وەزارەتی پێشمەرگە بەڵام تا ئەم کاتەش ناتەبایی لە نێوان حیزبە کوردییەکان هەر چارەسەر نەکراوە و چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگەش ئەنجامی وای نەبووە و دوور نیە ئەمە ببێتە مایەی بێهیوایی ئەمریکا و هاوپەیمانان. ڕای ئێوە چیە؟

ئاسۆ حاجی: ئەمریکا لە 2017وە و لە ڕووداوەکانی پاش 17ی ئەکتەوبەرەوە ئەزموونێکی خراپی پیشانی کورد دا و سەلماندی کە متمانەی پێناکرێت. ئەمریکا ئێستاش پەیڕەوی سیاسەتی 100 ساڵ پێش ئێستا دەکات کە دەوڵەتێکی بە زۆر دروست کراوی وەک عێراقی دروست کرد. چوونکە عێراق بە ڕێککەوتنی دوو هێزی داگیرکەری ئیستیعمار واتا فەڕەنسا و بەریتانیا سنووری بۆ کێشرا و ناوی نرا عێراق. ئەگینا خۆ پێشی 1921 شتێک نیە بە ناوی عێراق. بۆیە ئەمریکا هێشتا لە ڕوانگەی ئینگلیزەوە سەیری ئەو نەقشەیە دەکات. هێشتا ئەمریکا گرەو لە سەر شتانێک دەکات کە دووپاتیان دەکاتەوە و هەموو جارەش دۆڕاوە. واتا لە کابینەی عەلاوی، جەعفەری، مالیکی، عەبادی، عەبدولمەهدی و ئێستاش لە کابینەی کازمی هەوڵ دەدەن کەسێکی نزیک لە خۆیان لە بەغدا لە سەر حیسابی پێکهاتەکانی دیکەی عێراق دەسەڵات وەربگرێت واتا مەبەستیانە بەغدا بکەنەوە بە ناوەندێک و تەنانەت لە دەستووری خۆیشی دەریبهێنن. عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و بە گوێرەی ئەو دەستوورەی 1958 نووسراوە بە هاوبەشیی کورد و عەرەب ئیدارە دەکرێت و لە مادەی سێی دەستوور نووسراوە کە عێراق نیشتمانی هاوبەشی عەرەب و کوردە. بەڵام ئەمریکا هێشتا لە سەر ئەو تێڕوانینە کلاسیکە فاشیلەی کە ئینگلیز بونیاتی ناوە دەڕوات. بۆیە بە بۆچوونی من تا ئەمریکا ئەو ستراتیژ و ڕوانگەیەی لە ناوچەکە نەگۆڕێت سەرکەوتوو نابێ. بۆیە بابەتەکە پێوەندیی بەوەوە نیە کە کامە حکوومەت باشە کامە گەندەڵە. خۆ حکوومەتی بەغدا سەد جار لە حکوومەتی ئەفغانستان گەندەڵترە. بە گوێرەی پۆلێن کردنی ناوەندە جیهانییەکان بەغدا لە گەندەڵیدا لە ڕیزی یەکەمین وڵاتاندایە، بەڵام لە خزمەتگوزاریدا لە دواهەمین وڵاتاندایە، هەروەها پاسپۆرتی عێراقی یەک لە خراپترین پاسپۆرتەکانە. ژینگەی عێراق یەک لە پیسترینەکانە. بە گشتی ئێستا ئەمریکا دانوستانی ستراتێژیی لەگەڵ عێراق کۆتایی پێهێناوە. بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە پێویستە تا کۆتاییی ساڵی 2021 هێزی شەڕکەری ئەمریکی لە عێراق نەمێنێت. بە ڕێککەوتنی کازمی و ئەمریکا لە ئێستاوە ئەو هێزە ئەمریکییانەی لە عێراق هەن لە هێزی شەڕکەرەوە ناویان گۆڕدراوە بۆ هێزی ڕاوێژکار. ئەوەش لە کاتێکدا هەمان پێکهاتە و هەمان سەرباز و فەرماندەن و تەنها ناوەکەیان گۆڕدراوە. ئەمەش فێڵ کردنی ئەمریکایە لە عێراق و وڵاتانی هەرێمی و بەتایبەت ئێران کە داواکاری سەرەکیی کشانەوەی ئەمریکایە لە عێراق. وەک بینیمان پەرلەمانی عێراق بە فەرمی پەسەندی کرد کە دەبێت هێزی ئەمریکی لە عێراق نەمێنێت بەڵام ڕێککەوتنی نێوان کازمی و ئەمریکا وای کردووە کە بڕیاری پەرلەمانیش بێهێز بکات. کە وا بوو ئەمریکا ئیرادەی ئەوەی هەیە کە لە عێراق بمێنێتەوە و بۆ مانەوەشیان سەد پاساو دەدۆزنەوە. بیانووی وەک چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسیەت لە عێراق، یارمەتیدانی عێراقییەکان لە شەڕی تیرۆر و شتی تر... ئەمانە ئەو دەستەواژانەن کە بۆ هەموو حکوومەتەکان بەکاری دەهێنن. هەر کاتیش بیانەوێت بکشێنەوە وەک ئەوەی ئەفغانستان دەڵێن دەسەڵاتەکەی گەندەڵ بوو و سوپای پێکنەهێنرا و بیانووی تر.

کوردپرێس: جگە لە ئەمریکا وڵاتانی دیکەش پێوەندیی بەهێزیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لە سەرووی هەمووشیانەوە فەڕنسایە کە لە ڕووداوەکانی پاش گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان یەکەم وێستگەی بۆ دروست کردنەوەی پێوەندییەکان لە فەڕنساوە دەست پێکرد. لەم سەردانەی ئەم دواییەی مەکرۆنیشدا بۆ هەرێم، بینیمان پێشوازیی شاهانە و جیاواز لە سەرۆکی فەڕەنسا کرا. ئایا ئەمە کەمڕەنگ بوونەوەی قورساییی ئەمریکا نیە؟ ئەم پێوەندییانەی هەرێم لەگەڵ ئەوڕووپا و بەتایبەت فەڕەنسا چۆن هەڵدەسەنگێنن و شوێندانەریی لە سەر پێگەی کورد لە عێراق و ناوچەکە چی دەبێت؟

ئاسۆ حاجی: هەبوونی پێوەندیی نێوان هەرێم و فەڕەنسا مێژووی دوور و جیاوازی هەیە. ئەو پێوەندییە بەرهەمی کەڵەکەبوونی پێوەندییێکی دوور و درێژە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ژنەراڵ دیگۆل. ئەو دەمیش مەلا مستەفا لە نامەیێکدا کە بۆ ژنەراڵ دیگۆڵی ناردووە گلە و گازندەی کردووە لە ناردنی چەک و فڕۆکەی جەنگی. دواتر پێوەندییەکە باشتریش بووە. مەلا مستەفا بارزانی لە ئەورووپا چەند نوێنەرێکی شۆڕشی دانا وەک کامەران بەدرخان، دوکتور عیسمەت شەریف وانلی و دکتور نوورەدین زازا کەناوەندی بزاڤەکەی لە فەڕەنسا بوو بەتایبەتی لە ڕێگای میرکامەران بەدرخانەوە زۆر کەسایەتیی ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەوان و کەسایەتیی سیاسیی فەڕەنسی چوونە ناو شۆڕشەوە و مەلا مستەفا و شۆڕش و داواکارییەکانی کوردیان ناسی تا ناوەڕاستی حەفتاکان کە ئەنستیتۆی کورد لە پاریس دروست بوو کەسانی وەک دوکتۆر کەنداڵ نەزان ڕۆڵیان هەبوو لە پتەوترکردنی ئەو پێوەندییە تا گەیشتە مادام میتران کە ناوی دایکی کوردیان لێناوە. ئەم مێژووە بوو بە پاڵپشت بۆ ئەوەی لە 1991 و پاش کۆڕەوەکەی خەڵکی کوردستان و ئاوارەبوونیان بە ئاراستەی ئێران و تورکیا، لەو کاتەدا سەرۆکی فەڕەنسا مادام میتران بانگەوازی بۆ وڵاتانی دیکە کرد و گوتی من و سوپاکەم دەچین و ئەو گەلە دەپارێزین کە ڕووبەڕووی قڕکردن و لەناوچوون دەبنەوە. ئەوە بوو کە بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایش ناوچەی ئارامی دروست کرد. ئەم مێژووە یەک لە هۆکارەکانی پتەوبوونی پێوەندیی هەرێم و فەڕەنسایە. هۆکاری دووهەم دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی مامەڵەکردنی وڵاتانی هەرێمی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پاش ڕووداوەکانی 2017 و پاشهاتەکانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی. ئەو کاتە نێچیرڤان بارزانی دەستی کرد بە دروست کردنەوەی دۆخەکە و سەردانی فەڕەنسای کرد و پاشان پێوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا بەرەو باشتر بوون ڕۆیشت.

کوردپرێس: لەبەر ڕۆشناییی هاوسەنگیی هێز لە بەغدا و شوێندانەریی وڵاتای هەرێمی و جیهانی لە ئەو هاوسەنگییە و بەتایبەت پێگەی ئێران وەک وڵاتێکی دراوسێی عێراق بە سنوور و مێژوو و کەلتووری هاوبەشی فراوان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، پێتان وایە ئێران و هەرێم لە سەر چ بنەما و سیاسەتێک پێویستە لەگەڵ یەک مامەڵە بکەن؟

ئاسۆ حاجی: هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا پێوەندیی زۆر باشی لەگەڵ ئێران هەیە لەگەڵ ئەمریکاش هەیەتی. هاوکات لەگەڵ تورکیاش و فەڕەنساش پێوەندیی باشە کە تورکیا و فەڕەنسا زۆر دانوویان لەگەڵ یەک ناکوڵێت. هاوکات هەرێم هەوڵی داوە پێوەندیی باشی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی وەکوو ئوردن و ئیمارات هەبێ کە هەندێکیان زۆر حەز بە بەرژەوەندیی ئێران ناکەن. لە نێوخۆی عێراقیش، ئێستا پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لە باشترین ئاستی خۆیدایە و مەسعوود بارزانیش لە گوتارەکانیدا بە ڕاشکاوی دەڵێت بەغدا قووڵایی ئێمەیە. واتا گوتوویەتی بەغدا ئەو عومقەیە کە هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دەگەڕێتەوە ئەوێ. ئەمە دبڵۆماسیەتی هەرێمی کوردستانە. لە بەرامبەردا ئەگەرچی هەرێمی کوردستان قەوارەیێکی دەستوورییە بەڵام نە بەغدا حەز بەوە دەکات و نە هەندێک لە وڵاتانی هەرێمی. بۆیە دەبینین تورکیا ڕۆژانە هێرشی ئاسمانی دەکات و سەربازەکانی سنوور دەبەزێنن و بە دڵی خۆیان تەڕاتێنی تێدا دەکەن. ئەمانە مەعامەلەی ناتەندروستن کە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێن. ئەم وڵاتە هەرێمییانە ئیستفادە لە بێهێزیی دەوڵەتی عێراق وەک دەوڵەتێکی بێ سەروەری دەکەن. ئەوان لە ڕوانگەی هێزەوە هەمان مەعامەلەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن. خۆیان پێ بەهێزە. تەکنەلۆجیای سەربازییان لە بەردەستە، هێزی سەربازیی ڕێکخراویان هەیە و وڵاتی دامەزراوەیین. بەڵام هەرێمی کوردستان قەوارەیێکی سیاسییە کە هێشتا باش نەڕسکاوە. ئەوا تەمەنی هەرێم دەڕواتە سی ساڵەوە. لە 1991 تا 2005 وەکوو ئەمری واقیع و وەکوو دیفاکتۆ بوونی هەبووە و لە 2005ەوە چوارچێوەیێکی دەستووری و هەرێمیی وەرگرتووە بەڵام بەداخەوە وڵاتانی هەرێمی بە شێوەی شایستەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ ناکەن. سەبارەت بە ئێران، دەبوایە ئێران بە گوێرەی ئەو مێژووە دوورە هاوبەشەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیەتی نزیکترین وڵات بوایە لە هەرێمی کوردستان. واتا وەکوو ڕەگەز و نەتەوە و خوێن، کورد و فارس نزیکترین کەسن لە یەکتر. ئەگەر نەڵێین برا بووین لانی کەم ئامۆزا بووینە. لە ڕووی زمان، کولتوور، مێژووی هاوبەش، ئیدارەکردنی ئەو وڵاتەی ناوی ئاریان زەمینی لێنراوە و هەموو ئەم بابەتانە دەبوایە پاڵنەر بوونایە بۆ ئەوەی ئێران زیاتر ڕۆڵی هەبێت لە پێوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەقامگیری و بەهێزبوونی هەرێم. بەڕای من ئێران هەڵەیێکی ستراتێژیی کردووە لەوەی لە عێراق زیاتر مەزهەبی لەپێشتر زانیوە لە نەتەوە و ڕەگەز. ئێران بەوەی کە گرینگیی زیاتری بە مەزهەب دا ئەگەرچی ڕەنگە زیانی کوردیشی تێدا بووبێ بەڵام خۆیشی زیانی کرد. چوونکە بینیمان پاش ڕووداوەکانی 16ی ئەکتەوبری 2017 و کۆمەڵێک پاشهاتی دیکەی دوای ئەو ساڵە و شێوازی مامەڵەکردنی ئێران لەگەڵ پرسی ڕیفراندۆم، فیکری عەرەبی و عورووبەیی لە عێراق بەهێز دەبێتەوە. بەتایبەتی ئێستا لە نێو عەرەبی شیعە کەسانێک هەن کە لەگەڵ ئێران ناگونجێن و عەرەب بوونی خۆیان دەخەنە پێش مەزهەبەکەیانەوە. بە گشتی ئێران دەیتوانی ڕۆڵی زیاتر و باشتری هەبێ و ئیستفادەی لەو مێژوو و کەلتوورە هاوبەشە کردبا.

کوردپرێس: ئێران بەردەوام بانگەشەی ئەوەی کردووە کە پێوەندیی برایانە و باشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و بینیشمان کە لە سەردانەکەی ئەم دوایییەی سەرۆکی هەرێم بۆ ئێران پێشوازیی باشی لێکرا. لە بارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پێوەندیی فەرهەنگی و سیاسییشەوە کار بۆ فراوانتر کردنی پێوەندییەکانییان لەگەڵ هەرێم دەکەن. لەباری فەرهەنگیشەوە دەبینین ئەو ژمارە زۆرەی ئاڵوگۆڕی زانستی لەنێوان زانکۆکانی ئێران و هەرێمی کوردستان هەیە و سەدان و بگرە هەزاران خوێندکاری هەرێم ئێستا لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن. ئەمانە هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەیە ئێران نیازی دەوڵەمەندکردنی پێوەندیی برایانە و باشە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. ئەمە چۆن دەبینن؟

ئاسۆ حاجی: ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت ئەوە ڕێگا ڕاستەکەیە. ئەوەی لە ڕێوڕەسمی پێشوازی کردن لە سەرۆکی هەرێمیش کرا شتێکی پرۆتۆکۆلی بووە. دیارە ئێستا پێوەندیی ئێران و هەرێمی کوردستان لە دۆخە تەندروستەکەیدایە و حەقە لەوەش باشتر بێت. بۆ ئەوەی کەلێن دروست نەبێت کە خەڵکانێکی دیکە ئیستفادەی لێبکات. بۆ نموونە ئەگەر دەرفەت لە زانکۆکانی ئێران نەبێت ئەو دەرفەتە دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتێکی تر. بەتایبەت ئەگەر دەرفەتی خوێندن لە شارە کوردنشینەکانی ئێران بێت زۆر دڵخۆشکەر دەبێت بۆ کوردی هەرێم. چوونکە هەست بە دڵخۆشی دەکات و لە شاری هاوزمان و هاوکەلتووری خۆی دەخوێنێت. بۆیە حەق ئەوەیە ئێران لە سەر هەمان ئەم ستراتیژە تەرکیز بکات و ڕۆڵ ببینێت لە یەکخستنی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و خۆی ببوێرێت لە کاریگەریی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لە لێکترازانی هێزە سیاسییەکانی کورد.

 

سازدانی دیمانە: مەنسوور ڕەحیمی