چاودێرێکی سیاسی: ئەمریکا بوونی سەربازیی خۆی لە کوردستانی سووریا بەهێزتر دەکات
بەشی جیهان- چاودێرێکی سیاسی ئاشكرای ده‌كات، کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەئەفغانستان‌ و ئەو بێسەرەوبەرەیی‌ و کارەساتەی لێیکەوتەوە، پاڵ بەجۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکاوە دەنێت هێزەکان‌ و توانای بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکان لە کوردستانی سووریا بەهێزتر بکات.

کوردپرێس:

ئەیکان ئەردەمیر گەورە توێژەر لەدامەزراوەی بەرگری لە دیموکراتییەتی ئەمریکی ‌و پەڕلەمانتاری پێشوی تورکیا دەڵێت:"دۆخی سووریا و ئەفغانستان تەواو لە یەکتر جیاوازن، بەوپێیەی هەردوو پارتی کۆماری ‌و دیموکراتەکان پشتیوانییێکی بەهێزی ب.ونی سەربازیی ئەمریکان لە سووریا، ئەوەش کاتێک بە ڕوونی لەساڵی 2019 دەرکەوت کاتێک ترەمپ نیازی خۆی بۆ کشانەوەی تەواویی هێزەکانی ئەمریکا لە کوردستانی سووریا دەربڕی".

ئەردەمیر هەروەک دەڵێت:"بڕیاردەرانی ئەمریکا باش لەجیاوازیی نێوان سووریا و ئەفغانستان تێدەگەن، ویلایەتە یەکگرتووەکان نزیکەی دوو ترلیۆن ‌و 300 ملیار دۆلاری لە ئەفغانستان خەرج کردووە، ئەوە جگە لەو خەسارەتە مرۆییە گەورەیە، بەڵام لەماوەی 20 ساڵدا هیچ لەدۆخی ئەوێ نەگۆڕاوە، لەکاتێکدا خەرجی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا زۆر لەوە کەمترەو هێزە ناوخۆییەکانیش لەتێکشکاندنی داعش سەرکەوتوو بون".

بەوتەی گەورە توێژەرەکەی دامەرزاوەی پارێزگاریکردن لەدیموکراتییەتی ئەمریکی، "ئیدارەی واشنتۆن لەدوای کشانەوە لەئەفغانستان باش ئەوە دەزانێت کە تاکە چارەسەر بۆ ڕاگرتنی مەترسییە تیرۆریستییەکان ئەوەیە کە هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتربکرێن‌و بەشێوەیەکی زیاتر وەبەرهێنان لەو ناوچەیەدا بکرێت‌و لەجیاتی دورەپەرێزیی‌و کشانەوە، هەڵمەتەکانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر بەردەوامیان پێبدرێت".

ئەردەمیر ڕوونیشی کردەوە، "بەبەراورد لەنێوان ئەو سیستەمە سیاسییەی لەهەریەک لەئەفغانستان‌و کوردستانی سووریا دروست کراوە دەردەکەوێت کە دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان بونەتە هۆی دروستکردنی سیستەمی سیاسیی لە کوردستانی سووریا، لەکاتێکدا واشنتۆن بەملیاران دۆلاری خەرج کرد و پشتیوانییێکی سەربازیی گەورەشی لە حکوومەتی ئەفغانستان کرد، بەڵام نەیانتوانی خۆیان ڕابگرن".

ئەو دەڵێت:"جێ پەنجەی ئەمریکا لەسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان زۆر بچوکەو هێزەکانی سوریای دیموکرات خۆیان ئەرکی پاراستنی ئارامی سیاسیی‌و ئەمنیی ناوچەکەیان لەئەستۆیە، تەنانەت ئەوە پێش دەستتێوەردانی ئەمریکاش بەڕونی دیاربوو کاتێک توانرا لەشاری (کۆبانێ)وە ڕێگە لەفراوانخوازییەکانی داعش بگرن‌و تێکی بشکێنن".