تورکیا بۆ هێرش کردنە سەر باکووری سووریا چاوەڕوانی گلۆپی سەوزی ئەمریکایە/خەڵک متمانەیان بە ڕووسیا و ئەمریکا نەماوە

بەشی سووریا- شرۆڤەکار و ڕۆژنامەنووسێکی کورد دەڵێت: هێشتا دەرفەتەکە بۆ هێرشی زەوینیی تورکیا بۆسەر کوردستانی سووریا فەراهەم نییە بەڵام هەر کات تورکیا ئەو دەرفەتەی دەسکەوت هێرش دەکات.

جومعە محەمەد شرۆڤەکاری سیاسیی کوردی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ئەو هەڕەشانەی کە پاش ڕووداوەکانی ئەفغانستان لەسەر ئیدارەی خۆسەر هەیە و وتی: هەردەم ئەگەری هێرشی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەری کوردستانی سووریا لە ئارادایە.

ناوبراو درێژەی دا: تورکیا هەر دەرفەتێک بۆ هێرش کردن دەقۆزێتەوە و لەم ماوەیەشدا ناوچە سنوورییەکانی تۆپباران کردووە و بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان خەڵک و ئۆتۆمبیلەکان دەکاتە ئامانج.

ڕۆژنامەنووسە کوردەکە ڕاشیگەیاند: ئامانجی تورکیا داگیرکردنی قووڵایی سی کیلۆمەتریی سنوورەکەیە و ئەگەر ئەمریکا و ڕووسیا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵ بکەن هێرش دەکات.

جومعە محەمەد وەبیری هێنایەوە: هەرچەند کە بەرپرسانی ئەمریکی ڕایانگەیاندووە هیچ نییەتێکیان بۆ کشانەوە لە باکووری سووریا نییە بەڵام چیدی خەڵک متمانەیان بە ڕووسیا و ئەمریکا نەماوە و هێشتا ڕووداوەکانی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی-یان لەیاد نەکردووە.

ناوبراو ئاشکراشی کرد کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر خەریکی دانوستاندنە لەگەڵ ڕووسیا و حکوومەتی ناوەندیی سووریا، بەڵام حکوومەتی ناوەندیی هیچ دەرەچەیێکی بۆ دانوستان و چارەسەرکردنی پرسی سووریا نەهێشتۆتەوە و لەسەر سیاسەتەکانی خۆی مکووڕە.

ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە وتیشی: خەڵک متمانەیان بە هێزەکانی خۆیان، واتا هێزەکانی سووریای دیموکرات-ە. چوونکە ئەم هێزە تەنها هێزێکە کە هەم لەبواری سەربازی و هەم لە بواری سیاسییەوە خزمەت بە ئارامی و ئاسایشی سووریا دەکات و بەدوای چارەکردنی کێشەکاندایە.

ناوبراو زیادی کرد: هیوادارین نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەر بەشێوەی فەرمی لەلایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە بناسێندرێت چوونکە پێشتر لە وڵاتانی ئەورووپی لەوان سویسڕا نووسینگەکەی کراوەتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 3267

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha