ئەگەر یەکێتی بە ڕەسمی داوای یەکگرتنەوە بکات گۆڕان هەڵسەنگاندن بۆ داواکە دەکات/ ئەمریکا بەهۆی بەرژەوەندییەکانیەوە لە عێراق دەمێنێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس هاوپەیمانێتیی نێوان یەکێتی و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بە ڕێککەوتنێکی جیاواز و گرینگ دەزانێت و لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراقیش دەڵێت واشنەتن لە ناوچەکە خاوەن بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریی زۆرە و ئەگەرچی هێزە شەڕکەرەکانیشی بکشێنێتەوە بەڵام بە بیانوو و ناوی شتی دیکەوە لەعێراق دەمێنێتەوە.

کوردپرێس:

دوکتور مەریوان حوسێن فەرحان ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و هاوپەیمانێتیی نێوان گۆڕان و یەکێتی و جیاوازیی هەڵبژاردنی ئەم خولە لەگەڵ خولەکانی پێشووتر کرد و بە کوردپرێسی گوت: ئەم هاوپەیمانێتییە جیاوازە لە هاوپەیمانێتییەکانی تر. لەبەر ئەوەی کورد ئێستا پێویستی بە ستراتیژێکی نەتەوەییە و عێراقیش پێویستی بە ستراتیژی نێودەوڵەتییە. بەتایبەت کورد پێویستی بەو یەکدەنگییە دەبێت. سەرۆکی ئەو هاوپەیمانێتییە بەڕێز قوباد تاڵەبانییە لە یەکێتی و بڕیاردەریش دوکتور دەربازە لە بزووتنەوەی گۆڕان. هۆکارێکی پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانێتییە ئەوە بوو کە ئەم هاوپەیمانێتییە خەونی هەر دوو خوالێخۆشبوو مام جەلال و کاک نەوشیروان بووە و پێشتریش چەندین هەوڵ دراوە ئەو هاوپەیمانێتییە بکرێت. هۆکاری دووهەمیش ئەوەیە کە ناوچەی سەوز و نیلی چیتر چاری ئەو ململانێ و ناکۆکییانە ناکات. ئەگەر چی ئێمە وەکوو بزووتنەوەی گۆڕان بڕوامان بە فرەدەنگی و دیموکراسییە بەڵام ئەم سیراع و ململانێیەی ئێستا هەیە بۆ شتی تر شۆڕ دەبێتەوە. بۆیە ئێمە دوو ئامانجمان لەو هاوپەیمانێتییە هەیە یەکەمیان یەکدەنگیی کورد لە بەغدا و دووهەم یەکڕیزیمان لە ناوچەی سەوز و نیلیدا.

باڤڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پرێس کۆنفڕانسێکیدا باسی یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕانی کردبوو و گوتوویەتی بە شێوەیێکی جیدی کاری بۆ دەکەن. دوکتور مەریوان حوسێن لەبارەی هەبوونی ئیرادەیێک لە نێو گۆڕان بۆ یەکگرتنەوەی لەگەڵ یەکێتی بە کوردپرێسی گوت: باڤڵ تاڵەبانی لە ئێستادا هەموو ئەرکەکانی هاوسەرۆکایەتی بە تەنها خۆی ڕایدەپەڕێنێت و وتەکانی ئەو، تەعبیر لە ڕای شەخسی خۆی ناکات بەڵکوو ڕای سەرکردایەتیی یەکێتییە. بەڵام تا ئەم کاتە لە هیچ کۆبوونەوەیێکی ڕەسمیی گۆڕاندا باسی یەکگرتنەوە نەکراوە. بەڵام ئەگەر ئەم پێشنیارە بە ڕەسمی ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان بکرێت هەر دوو جڤاتی گشتی و نیشتمانی و خانەی ڕاپەڕاندن هەڵسەنگاندن و بۆچوونی خۆمان لەو بارەیەوە دەخەینە ڕوو و بە ڕەسمی وەڵامی هاوسەرۆکی یەکێتی دەدەینەوە.

ناکۆکییەکانی ئەم دواییەی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاریگەریی نێوخۆیی و دەرەوەی حیزبی بووە و بەشێک لە هاوسەنگیی هێزی گۆڕیوە. ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان لەبارەی کاریگەریی ئەو ناکۆکییانە لە سەر هاوپەیمانێتیی گۆان و یەکێتی بە کوردپرێسی گوت: گۆڕان هەموو ڕێککەوتنەکانی چ لە گەڵ یەکێتی و چ لەگەڵ هێزە کوردستانییەکانی تر وەکوو پارتی بە نیەتێکی ساف و پاکەوە کردوویەتی ئەگەرچی لە جێبەجێ کردنیشیدا کێشە دروست بووبێ. بەڵام ئێمە ئێستا گەشبینین بەم هاوپەیمانێتییە لەبەر ئەوەی یەکێتی شێوازی کارکردنی گۆڕیوە.

بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە بە گڕوتینێکی فراوانەوە هاتە ساحەی سیاسی و هیوایێکی گەورەی لای هاووڵاتییان دروست کرد بەڵام پاش ئەزموونی چەند ساڵەی گۆڕان چ وەک ئوپۆزسیۆن و چ ئەو فەترانەی بەشداریی دەسەڵاتیشی کردووە جۆرێک لە ساردبوونەوە و تا ڕادەیێک بێ هیوابوونی جەماوەری کوردستان بە نیسبەت بزووتنەوەکەوە دروست بوو. دوکتور مەریوان حوسێن لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەگەرچی باسی ساردبوونەوە هەیە بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕێچکە و بەرنامە و چاکسازییەکەی خۆی لای نەداوە. گۆڕان لە سەردەمی ئوپوزسیۆنیدا بە تەواوەتی ئوپوزسیۆن بووە. بەڕێز دوکتور یۆسف محەمەد سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان دەستی بۆ لیژنەی یاساییی سەرۆکی هەرێم بردووە کە لە سەرەتای دامەزراندنی پەرلەمانەوە هیچ سەرۆکی پەرلەمانێک بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانیشەوە جورئەتی ئەوەی نەبووە دەست بۆ ئەو یاسایە ببات. بۆیە کار گەیشتە ئەوەی کە سەرۆکی پەرلەمانەکەی ئێمە ڕێگریی لێکرا کە بچێتە پایتەختی هەرێم و بچێتە پەرلەمانی کوردستان. لەباری گڕوتینیشەوە بە گشتی پێ دەچێت لە عێراقیش لەم خولەی هەڵبژاردندا ئەو سستییە هەبێت کە خەڵکی نەچێت کارتی دەنگدان وەربگرێتەوە ئەگینا گۆڕان بەرنامەی تەواوی بۆ هەڵبژاردن کردووە و ئامادەییی تەواوی بۆ هەڵبژرادن کردووە و تەنانەت ئەو برادەرانەش کە لە حکوومەتن لە دوای دەوامی ئاسایی قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە و زۆر لە سەرەتای 25ی 7 بەگڕترن بۆ سەرکەوتنی لیستی هاوپەیمانی.

پاش کسانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان باسی ئەگەری دووپات بوونەوەی هەمان سناریۆ لە عێراق و سووریاش دەکرێت. نەبوونی دەستکەوتی ئەوتۆ لە چاکسازیی هێزی پێشمەرگە و ململانێ حیزبی و ناوخۆیییەکانی هێزە کوردستانییەکان و کۆمەڵێک هۆکاری دیکە هەن کە ئەگەری بێهیوابوونی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات و بە گوێرەی ڕێککەوتنی ستراتێژیی بەغدا و واشەنتنیش هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا دەبێت تا کۆتایی ساڵی 2021 عێراق چۆڵ بکەن. هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقیش یەک لە پرسە گرینگەکان دەبێت بۆ ئەمریکا. ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی گۆڕان لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی گوت: ئەو شینگەیەی لە ئەفغانستان کاری تێدا دەکرێت زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لە عێراق کاری تێدا دەکرێت. ئەمریکا و ئەفغانستان گفتوگۆی ستراتیژییان کردووە و بڕیارە هێزی شەڕکەری بکشێنێتەوە بەڵام دیارە ئەمریکا کۆمەڵێک بەرژەوەندیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە چ لەباری ئابووری وکۆمپانیا نەوتییەکانیەوە و چ لە باری دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا. بەڕای ئێمە ئەمریکا ئەگەرچی لە ڕووی هێزی شەڕکەرەوە لە عێراق دەکشێتەوە بەڵام بەو بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییانەوە کە هەیەتی لە عێراق بە ناوی ترەوە دەمێنێتەوە. بە گشتی گۆڕان بەردەوام نەتەوەیی بیری کردۆتەوە هەوڵ دەدات لە بەغداش پێداگری لە سەر مافی کورد بکات و نیشانەیێکی ئاشکرای بیری نەتەوەیی گۆڕان ئەوەیە کە لە هیچ وڵاتێکی جیهان نوێنەری نیە لەبەر ئەوەی نەچێتە ژێر چەتری هیچ وڵاتێکەوە.

News Code 3288

Your Comment

You are replying to: .
captcha