بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە: یەپەگە هێرشی کردۆتە سەر هێزی پێشمەرگە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، رێگەنادەن هیچ گرووپێکی چەکدار بێنە ناو هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، "شەوی رابردوو یەپەگە لە سووریاوە چەکداری بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە ناردووە و پێکدادان ڕووی داوە".

کوردپرێس:

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەمیانی کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "شەوی رابردوو رووداوێکی چاوەڕواننەکراو لەسەر سنووری عێراق و سووریا رووی دا، لەنێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی سووریا، لە کاژێر 01:00ی شەو مەفرەزەیێکی چەکدارانی پەکەکە هەوڵی دەربازبوونی نێو هەرێمی کوردستانیاندا بە رێگەیێکی قاچاخ و ناڕەوا.

ناوبراو ئاماژەی بەوە شکرد، ئەو هێزەی لە سووریاوە هات لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە بینران، کە ئەرکی ئەوان ماوەی چەند ساڵێکە لەسەر ئەو سنورە بەردەوامە، هەموو خەڵکی کوردستان و هەمو لایەنە سیاسییەکانیش ئەوە دەزانن کە "ئێمە دەرگەی فەرمیمان بۆ هاتوچۆ و هاوئاهەنگی بۆ بەیەکەوەگرێدان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان هەیە، بەڵام ئەو چەکدارانە بەشێوەیێکی قاچاغ هەوڵیاندا لە ئاو بپەڕنەوە، کاتێک لەلایەن هێزەکانی زێرەڤانییەوە دەبینرێن، دوای ئەوەی دڵنیادەبنەوە کە ئەمانە خەڵکی سڤیل نین، ئەو خەڵکانە نین کە دەیانەوێت لەو رەوشەی لە رۆژئاوا هەیە دەرباز ببن و بەرەو هەرێمی کوردستان بێن".

سەربەست لەزگین ئەوەشی خستە ڕوو، "وەک وەزارەتی پێشمەرگە بەتوندی ئەو رووداوە شەرمەزار دەکەین، هەمووان دەزانن یەپەگە لەژێر فەرمان و تەوجیهاتی پەکەکە کاردەکەن و مەزوڵوم عەبدیش ناتوانێت لەژێر فەرمانی ئەوان دەربچێت".

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی، "رێگە نادەین هیچ قاچاغچییێک، هیچ چەکدارێک لەبەرچاوی ئێمە و لەژێر سێبەری حکومەتی هەرێم و کۆنتڕۆڵی هەرێم بە رێگەی ناڕەواو ناشەرعی بێتە نێو هەرێمی کوردستان، نە پەکەکە و نە غەیری پەکەکە و نە هەر هێزو رێکخستنێک کە لەژێر هەر ناونیشانێک خۆیان دەناسێنن".