یەکێتی بە هەمان شێوەی پارتی بە یەک بنەماڵە ئیدارە دەکرێت
بەشی جیهان- دوکتور ژگار حەسەن لەبارەی ململانێی ئەم دواییەی نێوان دوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتی بە کوردپرێسی گوت: ئەم حیزبەش وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بە بنەماڵەیێک ئیدارە دەکرێت و ڕوودانی ئەو پێشهاتانە لە ناوچەیێکی وەک هەرێمی کوردستان کە نوخبە سیاسییەکانی پەیڕەوی یاساکانی دیموکراسیەت و سەروەریی دەستوور ناکەن جێی سەرسوڕمان نابێت. ئەو نوخبەگەلە لە جیاتی پەیڕەو کردنی بنەماکان دەست دەدەنە هێزی چەکدار و هەڕەشەکردن و ترساندن و توندوتیژی.

کوردپرێس:

ناکۆکییەکانی ئەم دوو مانگەی دوایی لە نێو هەر دوو هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆتە یەک لە گرینگترین پرسەکانی هەرێمی کوردستان و چاودێران خوێندنەوەی جۆراوجۆریان لەبارەی هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو تەنگەژانە خستۆتە بەر دەست بەڵام هەموویان یەک خاڵی هاوبەشیان هەیە و ئەویش ئەوەیە کە ڕیشەی ئەو ناکۆکییانە ڕکابەری کردنە لە سەر دەسەڵاتی نێوان دوو بنەماڵەی تاڵەبانی و شێخ جەنگی. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بۆ تاوتوێی کردنی بابەتەکە لەگەڵ چاودێرانی پرسی کوردی عێراق چەندین گفتوگۆی کردووە. دوکتور ژگار حەسەن مامۆستای زانکۆی کینگ کۆلیژی کەنەدا یەک لەو چاودێرانەیە کە ڕیشەی ئەو ناکۆکییانەی نێوان باڤڵ تاڵەبانی کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی و لاهوور تاڵەبانی (شێخ جەنگی)ی ئامۆزای بە هەوڵدانی هەردوو لا بۆ قۆرخ کردنی دەسەڵات دەزانێت.

هۆکارەکانی ناکۆکیی ئەم دواییەی سەرکردە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی عێراق

دوگتور ژگار حەسەن لەبارەی هۆکاری سەرەکیی ناکۆکییەکانەوە بە کوردپرێسی گوت: یەک لە هۆکارەسەرەکییەکانی ناکۆکیی ئەم دواییەی نێو یەکێتی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی حیزبەکەیە. پاش مردنی ئەو کۆمەڵێک ڕووبەڕووبونەوەی لە نێو لایەنە جۆربەجۆرەکانی نێو ئەو حیزبە ڕووی دا. بیری خۆتان بهێننەوە کە بەرهەم ساڵح یەک لەو کەسانە بوو کە هەوڵی دەدا دەسەڵاتی باڵا لەو حیزبەدا بەدەست بهێنێت بەڵام بێگومان لە حیزبەکە دەرکرا. شەخسیەتێکی دیکە کە وەکوو سەرکردە دەرکەوتن باڤڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کوڕانی مام جەلال و ڕکابەرەکەیان لاهوور تاڵەبانی (شێخ جەنگی)ی ئامۆزایان بوون لە گەرمەی بۆشایی دەسەڵات لەو حیزبەدا باڤڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی کە بە بەش کردنی دەسەڵات ئەوەیان ڕەخساند کە بە هاوبەشی سەرکایەتیی حیزبەکە بکەن لەگەڵ یەک ڕێککەوتن. بیرۆکەی ئەو دابەش کردنەی دەسەڵات ئەوە بوو ڕێگەی دەدا تاڵەبانییەکان بەردەوام هیودایەتی حیزبەکەیان بەدەستەوە بێت. ئەو ڕێککەوتنە فەوتاوە.

ئەو چاودێرە پێی وایە: «ئێمە دەزانین کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بە بنەماڵەیێک ئیدارە دەکرێت. یەکێتی بەردەوام ئیدعای کردووە کە پارتێکی پێشکەوتوو و مۆدێڕنی سیاسییە کە پێچەوانەی پارتی نەکەوتۆتە ژێر کاریگەریی پێوەندیی خێزانی یان عەشیرەیی. ئەو حیزبە چیتر ناتوانێت ئیدعای وا بکات.»

ناوبراو زیادی کرد: لەبارەی کێشمەکێشمی دەسەڵات لەو حیزبەشدا پێویستە بڵێین هەر دوو بەرە بە سەرۆکایەتیی قوباد و باڤڵ تاڵەبانی لە بەرامبەر لاهوور شێخ جەنگی، ئامانجی سیاسییان هەیە و ڕوانگەی تایبەت و لایەنگری خۆیان هەیە و هەردووکیان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی بەتەواوەتی لە سەر حیزب ڕکابەریی یەکتر دەکەن.

مامۆستاکەی زانکۆی کینگ کۆلیژی لەندەن ئەو ڕووداو و ناکۆکییانەی نێو حیزبەکانی ناوچەکە بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان بە شتێکی ئاسایی دەزانێت و دەڵێت: «ئەوەی ئێمە لە نێو یەکێتی دەیبینین ململانێی دەسەڵات بە شێوەی کلاسیکی بۆ جێگرتنەوەی دەسەڵات پاش کشانەوە یان مەرگی سکرتێرە کە ماوەیێکی زۆر سەرۆکایەتیی حیزبەکەی بەدەستەوە بووە. کاتێک لە حیزبێکدا پڕۆسەی فەرمی و شەفاف بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک نەبێت خەڵکانێک بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات ڕکابەریی یەکتر دەکەن. ڕوودانی ئەو شتانە لە ناوچەیێکی وەک هەرێمی کوردستان کە نوخبە سیاسییەکانی پەیڕەوی بنەماکانی دیموکراسیەت و سەروەریی یاسا ناکەن شتێکی سەرسوڕهێنەر نیە. ئەو نوخبانەی لە جیاتی پەیڕەوکردنی بنەماکان، دەستیان داوەتە هێزی چەکدار و هەڕەشەکردن و ترساندن و توندوتیژی».

دوکتور ژگار حەسەن لەبارەی ئەگەری هەبوونی دەستی دەرەکی بەتایبەت تورکیا لە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو هاوسەرۆکی یەکێتی دەڵێت: من هیچ جۆرە ئاماژەیێک نابینم کە دەستی دەرەکەی و بەتایبەت دەستی تورکیا لەو بابەتە هەبێ و لەو قۆناغەدا ناتوانم ئەم باسە بکەم.

کاریگەریی ململانێکانی نێو یەکێتی لە سەر پێکهاتەی حیزبەکە

توێژەرەکەی کاروباری کوردی عێراق لەبارەی کاریگەیی ناکۆکییەکان لە سەر پێکهاتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە داهاتوو دەڵێت: من لەو بڕوایەدام کاتێک تۆزی ئەم ململانێ و ناکۆکییە بنیشێتەوە کۆکردنەوەی دەسەڵات دێتە ئاراوە. ئەو لایەنەی کە لەم سیراعە حیزبیە گیان بەدەر ببات دەسەڵاتی ڕەهای دەبێت لە سەر حیزب و جومگەکانی حیزب. لەوە بەدوا ئێمە چاوەڕوان دەکەین کە لە ئاستی باڵادا حیزبەکە گۆڕانی بەسەدا بێت و تەنانەت ئەگەری گۆڕینی پێکهاتەی کارکردن لە نێو حیزبەکەش هەیە. هەڵبەت پێویستە لە بڕیاردان و دەرئەنجام دەرکردندا هەندێک وریا بین چوونکە هێشتا بۆ ئەنجام ڕاگەیاندن لەبارەی لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوە لە نێو یەکێتی تۆزێک زووە.

کاریگەریی ناکۆکییەکانی نێو یەکێتی لە سەر پێوەندیی ئەو حیزبە لەگەڵ پارتی

مامۆستاکەی زانکۆی کینگ کۆلیژی کەنەدا لەبارەی کاریگەریی ململانێی حیزبیی نێو یەکێتی لە سەر پێوەندییەکانی لەگەڵ پارتی وەک هاوپەیمانی کۆنی ئەو حیزبە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: بێگومان ئەم ڕووداوە نێوخۆییانەی یەکێتی کاریگەریی لە سەر پێوەندییەکانی لەگەڵ پارتی دەبێت. ئێمە دەزانین کە قوباد تاڵەبانی پێوەندیی هەرەباشی لەگەڵ بارزانییەکان و پارتی هەیە. ئەگەر قوباد و باڤڵ تاڵەبانی کۆنتڕۆڵی تەواوی دەسەڵات لە نێو یەکێتی بگرنە دەست پێوەندییەکانی یەکێتی و پارتی بە شێوەی بەرچاو پەرەی پێدەدرێت.

ناوبراو لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر دەسەڵات بکەوێتە دەست لاهوور شێخ جەنگی، کاریگەری و لێکەوتەکانی چی دەبن دەڵێت: لە لایێکی دیکەوە ئەگەر لاهوور شێخ جەنگی بتوانێت دەسەڵات لە دەستی ئەو دوو برایە دەربهێنێت ئەو بابەتە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی گۆڕانێکی جیدی لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت ئەو گۆڕانە ناوچە کوردنشینەکانی دیکە و وڵاتانی دراوسێش دەگرێتەوە. ئێمە دەبێت چاوەڕان بکەین بزانین ڕووداوەکانی هەفتە و مانگی داهاتوو چییان لێ دەردەچێت. دەبێت هیوای ئەوە بخوازین کە ململانێ لە سەر دەسەڵات بۆ توندوتیژی و شتی خراپتر شۆڕ نەبێتەوە.