درۆن و فڕۆکەی جەنگی، چەکە پێشکەوتووەکانی دەستی تورکیان لەدژی هێزە کوردییەکانی تورکیا و سووریا

بەشی جیهان- گۆڤاری فۆربێس دەنووسێت درۆنی جەنگی و جۆرە جیاوازەکانی فڕۆکەی شەڕکەری ئەمریکی چەکی پێشکەوتووی دەستی تورکیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە و هێزە کوردەکانی سووریا بەڵام کەڵک وەرگرتن لەو جۆرە چەکە بەواتای لەکارخستنی بەتەواوێتی توانا سەربازییەکانی پەکەکە نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری فۆربێس لە شیکاریێکدا کە لەسەر پێکدادانی نێوان تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 2015 لەمەوبەدواوە، نووسیویەتی دەڵێت: کەڵک وەرگرتنی بەربڵاوی تورکیا لە فڕۆکەی جەنگی و درۆن خاڵی وەرچەرخانە لەم ڕووبەڕووبوونەوەدا.

گۆڤاری فۆربێس ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دواییەی 20 فڕۆکەی شەڕکەری تورکیا لە قووڵایی 120 کیلۆمەتریی خاکی عێراق لە نزیکیی سلێمانی پاش بۆردوومانی بنکەکانی پەکەکە لە ساڵی 2015 بە 50 فڕۆکەی سوپای تورکیا بە ڕووداوێکی کەم وێنە وەسف دەکات و دەڵێت ئەمەش نیشاندەری سەختتر بوونی شەڕی تورکیایە لە دژی پەکەکە.

گۆڤارەکە ئاماژەیش بە ئۆپەراسیۆنی ساڵی 2018ی تورکیا دەکات لەدژی هێزە کوردییەکانی سووریا کە هاوکات 72 فڕۆکەی شەڕکەری بۆ بە ئامانج گرتنی 100 بنکەی سەربازیی هێزە کوردەکان بەکار هێنا کە دەورێکی گرینگیان بینی لە پێشڕەوی کردنی هێزەکانی ئەو وڵاتەدا.

بەڕای ئەم گۆڤارە ئەمریکییە کەڵک وەرگرتنی تورکیا لە هێزی ئاسمانی ڕۆڵێکی گرینگ و یەکلاکەرەوەی بینیوە لە پێشڕەوەی کردنی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سووریا و شەڕی ئەو وڵاتە لەگەڵ پەکەکە لە ناوخاکی عێراق.

بەم حاڵەشەوە گۆڤاری فۆربێس جەخت دەکاتەوە کە سەرکەوتنی تورکیا بەسەر پەکەکە و هێزە کوردییەکانی سووریادا بەکەڵک وەرگرتن لە تەکنەلۆژیی جەنگی بەتەواێتیی بێ پاشهات نابێت و دەتوانێت ئەنجامی پێچەوانەی ببێت.

گۆڤاری فۆربێس ئاماژەشی داوە بە هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی پەکەکە بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە دیاربەکر لە ئایاری ئەمساڵدا کە ئەوەش دەریدەخات کە پەکەکە توانانی ئەوەی هەیە دەستی بە تەکنەلۆژیی نوێی سەربازی بگات هەر چەند کە سنووردار بێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 3298

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha