خەڵک داوا دەکەن پەکەکە لە کوردستانی سووریا بکشێتەوە

بەشی سووریا- بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەپێلا ئازادیی کوردستانی سووریا (ŞAK) بە کوردپرێسی گوت: فەڕەنسا نیازیەتی لە قەزیەی کوردیدا لە سووریا دەوری هەبێت بەڵام مەسەلەی کوردەکان لە سووریا بە تەنها لە دەستی فەڕەنسادا نیە.

کوردپرێس:

عەبدوڵڵا ئیمام بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەپێلا ئازادیی کوردستانی سووریا (ŞAK) لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس گوتی: سەردانەکەی مەکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بۆ هەرێمی کوردستان هەڵگری چەند پەیامێکە. ڕۆڵی فەڕەنسا لە ناوچەکە ڕۆڵێکی میژوویییە. فەڕەنسا و بەریتانیا لە شەڕی یەکەمی جیهان و ساڵی 1916 بە گوێرەی ڕێککەوتنی سایس پیکۆ کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریایان دابەش کرد کە ئەو کات هەر دوو ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بوون و ئەو دوو بەشە بوون بە پشکی فەڕەنسا. ساڵی 1920 ڕێککەوتنێکی دیکە نووسرا و کوردستانی عێراق بوو بە پشکی بەریتانیا و کوردستانی سووریاش پشکی فەڕەنسا. هەر بۆیەش کوردەکانی سووریا پێوەندیی فراوانیان لەگەڵ فەرەنسا دروست کرد.

عەبدوڵڵا ئیمام گوتیشی: کاتێک لە 1946دا فەڕەنسا لە سووریا کشایەوە پرسی کوردی سووریا سەری لێنرایەوە و چارەسەرێکی بۆ نەدۆزرایەوە. هەڵبەت هەمان سناریۆ لە لایەن بەریتانیاشەوە لە عێراق دووپات کرایەوە و کوردی عێراقیش لەو بابەتە زیانمەند بوو.

ناوبراو زیادی کرد: لە پرێس کۆنفڕانسەکەی مەکرۆن و بەڕێز نێچیرڤان بارزانیدا مەکرۆن بە شێوەی فراوان ئاماژەی بە دۆزی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کرد. دنیابینیی فەڕەنسا بە نیسبەت کوردەکە تێڕوانینێکی ئیجابی و باشە.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەپێلا ئازادیی کوردستانی سووریا (ŞAK) گوتیشی: فەڕەنسا بەرامبەر کورد و دۆخی مێژوویی کە خۆی سەبەبی ئەو دۆخە بووە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و لە هەمان چوارچێوەشدا بوو کە ساڵی 1991 و پاش ڕەوەگەوەرەکەی ئەو ساڵەی کوردەکانی عێراق و پاش هێرشی سەدام، فەڕەنسا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان پشتگیریی کوردی کرد و لە ئەنجامدا بڕیارنامەی 688ی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ پاراستنی کورد دەرچوو و پاش ئەوە بوو کوردی عێراق توانیی پەرلەمان و حکوومەتی خۆجێیی پێکبهێنێت.

عەبدوڵڵا ئیمام لەبارەی ڕۆڵی فەڕەنسا لە پرسی کوردی سووریا ئاشکرای کرد: فەڕەنسا نیازیەتی لە قەزیەی کوردی سووریا دەوری هەبێت بەڵام پرسی کوردی سووریا بە تەنها لە دەست فەڕەنسا نیە. ڕاستە فەڕەنسا یەکێکە لە ئەندامانی هەمیشەییی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و مافی ڤیتۆکردنی هەیە بەڵام ئەوەی حاشاهەڵنەگرە ئەوەیە کە دەسەڵاتی فراوانی ئابووری و سەربازی لە دەستی ئەمریکایە. هەروەها هاوسەنگیی سەربازی ئەمڕۆکە لە سووریا بە دەست ئەمریکا و ڕووسیا و تورکیا و ئێرانە. ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی فورات دەسەڵاتی هەیە و فەڕەنسا بە بێ ئەمریکا ناتوانێت هیچ بکات. بۆیە فەڕەنسا ناتوانێت ببێتە بەدیلی ئەمریکا لە دۆزی کوردی سووریا.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: پێش ئەوەی ئەمریکا وەک لایەنی سێهەم و گەڕەنتیدەری دانوستانی کوردی و کوردی لە نێوان لایەنە کوردییەکان ئامادە بێت فەڕەنسا ئەو دەورەی دەبینی بەڵام دانوستانەکانی پاریس ئەنجامیان نەبوو. ئەمڕۆکە ئەگەر ئەمریکا ڕێگە بدات بە چاودێری و ئامادەبوونی ئەمریکا فەڕەنساش دەیەوێت لە دانوستانی نێوان کوردەکانی سووریا دەور ببینێت. فەڕەنسا و ئەمریکا بەرژەوەندییان دژەیەک نیە بەڵکوو دۆست و هاوپەیمانی یەکترن.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شەپێلا ئازادیی کوردستانی سووریا (ŞAK) زیادیشی کرد: هەر وەک بەرپرسە فەڕەنسییەکان گوتیان ئەگەر ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە ئەوان پێیان باشە لە عێراق بمێننەوە و ئەمریکییەکانیش کێشەیان لەگەڵ ئەو بابەتە نیە. ئەمە شتێکی باشە ئەگەر فەڕەنسییەکان لە عێراق بمێننەوە و یارمەتیی عێراقییەکان و کوردەکان بدەن.

ئەو یاساناسە کوردە لەبارەی ڕۆڵی فەڕەنسا لە بەشداری پێکردنی کورد لە دانوستانی چارەسەری سیاسیی قەیرانی سووریا لە ژنێڤ بە کوردپرێسی گوت: فەڕەنسا دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە ببینێت. هەڵبەت لەگەڵ ئەمریکا ئەوەی پێ دەکرێت. ئەگەر دانوستانی کوردی-کوردی ئەنجامێکی هەبێ دەوری کورد لە ژنێڤ بە شێوەیێکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و نوێنەرانی کوردەکانیش لە دانوستانەکاندا زیاد دەکەن.

عەبدوڵڵا ئیمام لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد: ئەمڕۆکە تۆپ و یاری لە زەویی کوردەکاندایە. داوای هەموو شتێک لە ئێمە دەکرێت. ئەگەر ئێمە لایەنە کوردییەکان بگەینە ڕێککەوتن فەڕەنسا و وڵاتانی تر دەتوانن یارمەتیدەری ئێمە بن. لەم چەند ڕۆژەدا شاندێکی ئەمریکی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات دیداری کرد و لە دانیشتنەکەدا گوترا ئەوان دەتوانن ڕێگری بکەن لە هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا بەو مەرجەی دانوستانی کوردی بگاتە ئەنجام و ئەندامانی پەکەکە لە کوردستانی سووریا بکشێنەوە.

ناوبراو دووپاتیشی کردەوە: ئەمڕۆکە بوونی پەکەکە لە کوردستانی سووریا بۆتە گێچەڵێکی گەورە. تورکیا دەیەوێت پەکەکە لە سووریا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی شەرعیەت بە هێرشەکانی خۆی بدات. هاووڵاتییان داوا لە ئێمە دەکەن پەکەکە لە سووریا بکەینە دەرەوە. پەکەکە ئەگەر لە سووریا بکشێتەوە نیوەی کێشەکان چارەسەر دەبن.

News Code 3302

Your Comment

You are replying to: .
captcha