چوار چەکداری داعش لە بۆسەى دژه‌ تیرۆر و هێزە ئەمریکییەکاندا کوژران
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شەوی ڕابردوو ژماره‌یێک چەکداری داعش لە باکووری خۆرئاوای پارێزگای کەرکووک کەوتنە بۆسەی هێزەکانی دژەتیرۆر و بەهۆیەوە ژمارەیەک چەکدار کوژران.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، درەنگانی شەوی دووشەممە ژمارەیێک چەکداری داعش کە بەنیازبوون هێرش بکەنە سەر خاڵێکی پاسەوانیی هێزە ئەمنییەکان لە سنووری گوندەکانی کتکە و قەرەغەتوو، بەهەڵە کەوتنە بۆسەی تیمێکی سەربازی ‌ئەمریکی‌ و هێزێکی دژەتیرۆری عێراق ‌و شەڕ و پێکدادانی سەخت لەنێوان چەکدارەکان ‌و هێزەکان ڕوویدا و فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقیش بۆردوومانی چەکدارانی داعشیان کرد لەناوچەکە.

به‌گوێره‌ى زانیاریه‌کان شەڕەکە لەکاتێکدا بووە هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق‌ و تیمە ئەمریکییەکە سەرقاڵی خۆئامادەکردن بوون بۆئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هاوبەش بۆسەر چەکدارانی داعش لەسنووری ناحیەی پردێ کە لە ئەنجامدا 4 چەکداری داعش کوژران و ژمارەیێکی زۆریش دەستگیر کران.