ئەمریکا بە بڕى 250 ملیۆن دۆلار بودجەى پێویست دابین دەکات بۆ پرۆژەی فراوان کردنی پیشەسازی غاز لە هەرێمی کوردستان
بەشی جیهان- دەزگاى دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا بۆ فراوان کردنی پیشەسازیی غاز لە هەرێمی کوردستانی عێراق، رێککەوتنێکی دارایی بە بڕى 250 ملیۆن دۆلار واژۆ دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، کۆمپانیاى سنووردارى پێرڵ پترۆلیۆم ئەو کۆنسۆرتیۆمەى کە لەلایەن هەردوو کۆمپانیاى ئیماراتى دانەغاز و کرێسنت پترۆلیۆمەوە ڕابەرایەتى دەکرێت ڕێکەوتنێکى واژۆکردوە بە بڕى 250 ملیۆن دۆلار لەگەڵ دەزگاى دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا (DFC) بەمەبەستى دابین کردنى بودجەى پێویست بۆ کارەکانی فراوان کردنى گەورە لە کێڵگەى غازى کۆرمۆر لە هەرێمى کوردستانى عێراق، رێکەوتنە داراییەکە بودجەى پێویست دابین دەکات بۆ پرۆژەی فراوان کردنی کۆرمۆر.

ئاماژەی بەوەش کردوە، کۆی تێچوی پرۆژەکە 630 ملیۆن دۆلاره لە پێناو زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان بە ڕێژەی 50% بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا رۆژانە لە نیسانى 2023ەوه.

کۆمپانیای دانەغاز باسی لەوەش کردوە، "دەزگاى دارایی پەرەپێدان کۆڵەکەى دارایی گەشەپێدانی حکوومەتی ئەمریکایە و داهاتە بەردەستکەوتوەکانی ئەم رێکەوتنە 7 ساڵیەى DFC پشتگیری دەکات لە زیادکردنی بەرهەمی غاز بە ڕێژەی 50% بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا لە پێناو دابین کردنى خواستى ڕو لە زیادبوو بۆ غازی سروشتی کە سووتەمەنیەکى پاکە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و پیشەسازی لە هەرێمى کوردستانى عێراق، کۆی تێچوی پرۆژەکە 630 ملیۆن دۆلارەو ئەو پارەدانەی کە ماوەتەوە لە ڕێگەی دامەزراوەی بانکی هەرێمی و بەڵێندەری ئەندازە و کڕین و بنیاتنان "EPC"ە وە دابین کراوە".

ئەوەش خراوەتەڕوو، پڕۆژەی KM-250 یەکەم قۆناغی پرۆژەی فراوان کردنی دوو هێڵى بەرهەمهێنانە لە کورمۆر، جگە لە هەڵکەندنی بیرە نوێکان، کە ئامانج لێى بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانە بۆ گەیشتن بەیەک ملیار پێ سێجا لە ڕۆژێکدا، کارەکان لە مانگی نیسانی 2021 دەستیانپێکردەوە دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بەهۆی پەتاى کۆرۆناوە ڕاگیرابوون و لە ئێستادا لە بوارى جێبەجێ کردندان بە ئامانجى تەواو بوون تا مانگی نیسانی 2023.

بەپێی راگەیەندراوەکەی کۆمپانیای دانەغاز، کۆی وەبەرهێنانى پێرڵ پترۆلیۆم لە کۆرمۆر تا ئەمڕۆ 2.1 ملیار دۆلار تێپەڕدەکات لەگەڵ کۆی بەرهەمی کەڵەکە بو بە بڕى زیاتر لە 341 ملیۆن بەرمیل هاوتاى نەوت لە غازى سروشتى و شلەکان.

روونیش کراوەتەوە، دابین کردنی بەردەوامى غاز بێپچڕان بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەولێر و چەمچەماڵ و بازیان بوەتەهۆی پاشەکەوتکردنى تێچونی سوتەمەنی بە رێژەیەکى زۆر و قازانجێکى گەورەى ئابوری بە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی گەیاندووە.

هەروەها دەڵێت، غازى بەرهەمهاتوو تا ئێستا توانیویەتى ڕێ لە بڵاوبونەوەى زیاتر لە 42 ملیۆن تۆن غازى دوانۆکسیدى کاربۆن بگرێت لە سایەى بەرکارهێنانى غازی سروشتی لە برى گازوایل وەک سوتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمى کوردستانى عێراق، ئەمەش ڕۆڵێکى بەرچاوى گێڕا لە چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانی، لەو ڕێگەیەوە بەشدارییەکی گەورە دەکات بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبونەوەی گازی ژەهراوی و پیسبونی هەوای ناوخۆیی لە هەرێمى کوردستان و هەروەها پشتگیری گۆڕین دەکات بۆ سەرچاوەی وزە ى باشتر بۆ ڕوبەڕوبونەوەى گۆڕانی کە شوهەوای جیهانی.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەروەها لە نێوان ساڵانی 2018 و 2021دا، وێستگەى غازی کورمۆر سودی وەرگرت لەزیادبونى بەرهەمهێنان بەڕێژەى 45% لە ڕێگەی باشترکردنی دەزگاگە، بەوەش کۆی بەرهەمهێنانی گەیشتە 106 هەزار بەرمی لهاوتاى نەوت لە ڕۆژێکدا، کۆمپانیاکە ئەمڕۆ گەورەترین ئۆپەراسیۆنی کەرتى تایبەتى بەرهەمهێنانى غازە لە ناوچەکە و عێراق.

مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و ئەندامى دەستەی کارگێڕى (بۆردى) کۆمپانیاى دانە غاز لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "ئەم  رێککەوتنە داراییە لەگەڵ DFC جەخت لە گرنگی پەرەپێدانی سەرچاوەکانی غازی سروشتى لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە پێناو پشتگیری کردنى گەشەى ئابوورى هەرێمەکە، سەرەڕای ئەو بەرەنگارییە جیهانیانەی کە بەهۆى پەتاى کۆرۆناوە دووچارمان دەبێـتەوە، ئێمە بەردەوام بوین لە پاراستنی تۆماری کارە نەپچڕاوەکانمان و تەنانەت توانیومانە بڕى بەرهەمهێنانیش زیاد بکەین، ڕێککەوتنى DFC تۆماری سەرکەوتنمان دەسەلمێنێت و زیاتر تیشک دەخاتە سەر توانای ئەم سەرچاوانە و داهاتوە گەشەکەی هەرێمى کوردستانى عێراق".

دیڤ جەگادیسان، بەڕێوەبەری گشتی DFC بەوەکالەت ڕایگەیاند، "وەبەرهێنانی DFC لە پرۆژەی فراوان کردنی کۆرمۆر بەشێوەیەکی بەرچاو دەبێتە هۆی زیادکردنی دەستگەیشتن بەوزە بۆ خەڵک لە سەرانسەری هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەم پرۆژە زۆر گەشەسەندوە نوێنەرایەتی بەردەوامی وەبەرهێنانی ویلایەتە یەکگرتوەکان دەکات لە هەرێمى کوردستانى عێراق".