ئێمە پشتمان بە خەڵکەکەمانەوە بەستووە، نەک ئەمریکا

بەشی سووریا- ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک دەڵێت: ئێمە دەزانین کە هێزە بیانییەکان مانەوەیان لە ناوچەکەدا کاتییە و کاریگەریی لەسەر هەندێک بابەت هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا خەڵکی سووریان کە دەتوانن پێکەوە ڕێککەون و چیدی پێویستیان بە هێزی بیانی نەبێت.

«ئەحمەد شێخۆ» ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە بژاردەکانی بەردەست کورد لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە کوردستانی سووریا و ڕایگەیاند: بەهیچ شێوەیێک دۆخی کوردستانی سووریا یان باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هاوشێوەی ئەفغانستان نییە و ناکرێت پێکەوە بەراوەرد بکرێن چوونکە لە ئەفغانستاندا ئەمریکا بەڕێوەبەر بوو و هەر ئەمریکایش تاڵیبانی بۆ ئەو وڵاتە گەڕاندەوە.

ناوبراو درێژەی دا: لێرەدا بەڕێوەبەریی پێچەوانەی ئەفغانستانە و هەر لەسەرەتای گۆڕانکارییەکانی سووریاوە ئێمە متمانەمان بە کەس نەکرد و دەستمان بۆ کەس درێژ نەکردەوە و پشتمان بە گەلەکەمانەوە بەست.

ئەحمەد شێخۆ جەختی کردەوە: تاکوو ئەمڕۆیش هەر بەم شێوەیە بووە و خەڵک بنەمای بوونی ئەم ئیدارەی و سیتەمە بوون. هاتنی ئەمریکایش بۆ کوردستانی سووریا پاش سەرکەوتنەکانی هێزەکانی ئێمە بوو بەسەر تیرۆریستاندا، بەتایبەت بەرخۆەدانی مێژوویی کۆبانی پێش هاوکاریی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی ئێمە بوو.

ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتیی PYD وەبیری هێنایەوە: ئێمە بەشێکین لە سووریا و چارە کردنی پرسی کورد لە سووریا بەسراوە بە چارەسەر کردنی پرسی سووریا بەگشتی. ئێمە هەمیشتە لایەنگری گفتوگۆی نێوان ڕەتەکانی سووریا بووین و خوازیاری ئەوەین پرسی سووریا بە شێوەی سیاسی چارەسەر بکرێت.

ناوبراو جەختی کردەوە: ئێمە دەزانین کە هێزە بیانییەکان مانەوەیان لە ناوچەکەدا کاتییە و کاریگەریی لەسەر هەندێک بابەت هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا خەڵکی سووریان کە دەتوانن پێکەوە ڕێککەون و چیدی پێویستیان بە هێزی بیانی نەبێت و ئەگەر هێزە بیانییەکان لە سووریا بکشێنەوە کاریگەرییەکەی هێندەی ئەفغانستان نییە.

News Code 3328

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha