هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا پشتیوانیی کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزیسیۆن دەکات
بەشی تورکیا- هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" رایدەگەیەنێت کە ئەوان پشتیوانی بیرۆکەی پێشکەشکردنی کاندیدێکی هاوبەشی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەو وڵاتە دەکەن، بەڵام جەختیشی کردۆتەوە کە دەبێت سەرەتا لەسەر پرەنسیپە گشتییەکان و ئاسایشی هەڵبژاردن بگەنە ڕێککەوتن.

کوردپرێس:

مەدحەت سنجار هاوسەرۆکی هەدەپە لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی "فۆکس تی ڤی "ی تورکی و لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هەدەپە پشتیوانی کاندیدێکی هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانی "نەتەوە" کە لە پارتی گەلی کۆماریی و پارتی چاکە پێکهاتووە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی تورکیا لەبەرانبەر کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان دەکەن، لەوەڵامدا سنجار رایگەیاند کە ئەوان بیرۆکەکە رەتناکەنەوە.

هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاندووە کە پارتەکەیان پشتیوانی بیرۆکەی کاندیدی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا دەکەن، بەڵام جەختیشی کردۆتەوە کە بەرلەوەی باس لە ناوێکی دیاریکراو بکرێت دەبێت لەسەر پرەنسیپە گشتییەکان و ئاسایشی هەڵبژاردن ڕێکبکەون.

مانگی رابردوو، سەلاحەددین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لەساڵی ٢٠١٦ وە لە زیندانەکانی تورکیادایە، داوای کرد پارتە بەرهەڵستکارەکانی تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەو وڵاتە لەسەر پاڵێوراوێکی هاوبەش ڕێکبکەون و بۆسەرکەوتن بەسەر کاندیدەکەی ئاکەپە پشتیوانی بکەن.