گرووپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا هەشت کەسیان لە دەوربەری عەفرین رفاند
بەشی سووریا- گرووپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا پێنج هاوڵاتیی مەدەنیی گوندی جەلەمێی جندرێسی لە عەفرین ڕفاندووە.

کوردپرێس:

میدیاکانى کوردستانی سووریا بڵاویان کردەوە کە گرووپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا پێنج هاوڵاتیی کوردیان لە گوندی جەلەمێی عەفرین رفاندووە و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.

مانگی ڕابردووش گرووپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا زیاتر لە ٣٣ هاوڵاتیی مەدەنییان ڕفاندوە کە ژنیشیان تێدایە.

لەلایێکى دیکەوە گرووپە چەکدارەکان لە سنورى گرێسپی سێ هاوڵاتیى دیکەیان رفاندووە کە سەرقاڵی کارى کشتوکاڵ بوون و بەرەو شوێنێکی نادیار رفێنراون.

بەپێی ئامارێکى نافەرمی لە دوو ساڵى رابردوودا گرووپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا لە عەفرین زیاتر لە هەزار کەسیان رفاندووە کە ژمارەیێکیان ئازاد کراون و ژمارەیێکیان شەهید کراون و زۆرینەشیان تائێستا چارەنووسیان نادیارە.