کورد خاوەن پێگەیێکی تایبەتە لە سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و فەرەنسادا
بەشی سووریا- سکرتێری شەپێلا پێشارۆژا کوردستانا سووریا  (ŞPKS) دەڵێت: جەنابی مەسعوود بارزانی هەوڵ بۆ ڕاکێشانی ئاوڕی وڵاتانی زلهێز و بە تایبەت ئەورووپییەکان دەدات بۆ پرسی کوردی سووریا و هەموو ئامێرێکی پێویست بەکار دەخات بۆ دروست کردنی پەیوەندی بەنێوانیاندا.

ڕێزان شێخمووس سکرتێری شەپێلا پێشارۆژا کوردستانا سووریا  (ŞPKS) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ڕۆڵی فەڕەنسا لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا و کاریگەریی گۆڕانکارییەکان بەسەر دۆخی کوردەکانی سووریا و ڕایگەیاند: سەردانەکەی ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا وەکوو یەکێک لە زلهێزترین وڵاتانی جیهان بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق ڕووداوێکی زۆر گرینگ بوو. هاتنی ماکرۆن نیشاندەری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان و بەگشتی پرسی کورد لە سیاسەتی فەڕەنسادا پێگەیێکی تایبەتی هەیە.

ناوبراو درێژەی دا: فەڕەنسا دەزانێت کە عێراق وڵاتێکی لاوازە بۆیە دەیهەوێت کە هەرێمی کوردستان بەهێز و خاوەن سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بێت ڕۆڵێکی بەرچاو لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا لە ئەستۆ بگرێت. هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق نزیکە و فەڕەنسا بەدوای عێراقێکی سەربەخۆ و یەکپارچەیە کە کورد ڕۆڵێکی بەرچاوی تێدا دەگێڕێت.

ڕێزان شێخمووس وتیشی: فەڕەنسا پەیوەندییێکی مێژوویی لەگەڵ کورد هەیە و لە قۆناخە جیاوازەکاندا پشتگیریی لە کورد کردووە. دانیل میتران و هاوسەرەکەی هەمیشە هەوڵیان بۆ دیاری کردنی چارەی خۆنووسیی کوردەکانی عێراقدا دەدا و ئەمەیش دەریدەخات کە پرسی کورد تا چ ئاستێک لە سیاسەتی فەڕەنسا گرینگە.

سکرتێری شەپێلا پێشارۆژا کوردستانا سووریا  (ŞPKS) جەختی کردەوە: فەڕەنسا یەکەم وڵات بوو کە پێش هێرشی سەدام بۆسەر کوردەکانی عێراق دەستی بە پشتگیری کردن لە کورد کرد و پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی یەکەم وڵات بوو کە وەڵامی داخوازییەکەی جەنابی مەسعوود بارزانی دایەوە و ئەو گەمارۆ سیاسی و ئابوورییەی شکاند کە عێراق خستبوویە سەر هەرێمی کوردستان.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: هەروەها فەڕەنسا دەزانێت کە کوردەکان ڕۆڵێکی تایبەتیان گێڕا لە شەڕی داعشدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و شکست هێنانی داعش بەبێ ئامادەبوونی هێزە کوردییەکان مومکین نەبوو و قارەمانێتیی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ فەڕەنسا و هاوپەیمانان ڕوون بوویەوە. هەروەها هاتنی ماکرۆن بۆ هەرێمی کوردستان دەتوانێت پەیوەندیی سیاسی و ئابووری و هاوکاری لەشەڕی داعشدا لەوێان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان تۆکمە بکات.

ڕێزان شێخمووس ئاماژەشی دا بە کاریگەریی سەردانەکەی ماکرۆن بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر دۆخی کوردانی سووریا و ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان دەیهەوێت کە کوردستانی سووریا خاوەن سەقامگیریی سیاسی بێت و دانوستانی کوردی-کوردی بگاتە ئەنجام و بە هەمان شێوەی هەرێمی کوردستان کە لە عێراقدا ڕۆڵی سیاسیی بەرچاو دەگێڕێت کوردەکانی سووریاش ببنە خاوەن پێگەی ڕۆڵی سیاسی.

ناوبراو وتیشی: جەنابی مەسعوود بارزانی هەوڵ بۆ ڕاکێشانی ئاوڕی وڵاتانی زلهێز و بە تایبەت ئەورووپییەکان دەدات بۆ پرسی کوردی سووریا و هەموو ئامێرێکی پێویست بەکار دەخات بۆ دروست کردنی پەیوەندی بەنێوانیاندا.

ڕێزان شێخمووس لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمدواییەی نێوان سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کوردستانی سووریا، وتی: ئەم بەرپرسە ئەمریکییە ڕایگەیاند کە بەنیاز نین لە کوردستانی سووریا بکشێنەوە و بەپێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی قەیرانی سووریا هەم لەبواری سیاسی و هەم لەبواری ئابوورییەوە یارمەتی کورد و خەڵکی سووریا دەدەن.

سکرتێری شەپێلا پێشارۆژا کوردستانا سووریا  (ŞPKS) زیادی کرد: هەروەها لەو کۆبوونەوەدا جەخت کرایەوە لەسەر درێژەدا بە گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردەکانی سووریا بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک تاکوو هەموو حزبە سیاسییەکانی کورد لە ئیدارەیێکی هاوبەشدا ڕۆڵ بگێڕن.