کورد خاوەن پێگەیێکی تایبەتە لە سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و فەرەنسادا

بەشی سووریا- سکرتێری شەپێلا پێشارۆژا کوردستانا سووریا  (ŞPKS) دەڵێت: جەنابی مەسعوود بارزانی هەوڵ بۆ ڕاکێشانی ئاوڕی وڵاتانی زلهێز و بە تایبەت ئەورووپییەکان دەدات بۆ پرسی کوردی سووریا و هەموو ئامێرێکی پێویست بەکار دەخات بۆ دروست کردنی پەیوەندی بەنێوانیاندا.

ڕێزان شێخمووس سکرتێری شەپێلا پێشارۆژا کوردستانا سووریا (ŞPKS) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ڕۆڵی فەڕەنسا لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا و کاریگەریی گۆڕانکارییەکان بەسەر دۆخی کوردەکانی سووریا و ڕایگەیاند: سەردانەکەی ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا وەکوو یەکێک لە زلهێزترین وڵاتانی جیهان بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق ڕووداوێکی زۆر گرینگ بوو. هاتنی ماکرۆن نیشاندەری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان و بەگشتی پرسی کورد لە سیاسەتی فەڕەنسادا پێگەیێکی تایبەتی هەیە.

ناوبراو درێژەی دا: فەڕەنسا دەزانێت کە عێراق وڵاتێکی لاوازە بۆیە دەیهەوێت کە هەرێمی کوردستان بەهێز و خاوەن سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بێت ڕۆڵێکی بەرچاو لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا لە ئەستۆ بگرێت. هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق نزیکە و فەڕەنسا بەدوای عێراقێکی سەربەخۆ و یەکپارچەیە کە کورد ڕۆڵێکی بەرچاوی تێدا دەگێڕێت.

ڕێزان شێخمووس وتیشی: فەڕەنسا پەیوەندییێکی مێژوویی لەگەڵ کورد هەیە و لە قۆناخە جیاوازەکاندا پشتگیریی لە کورد کردووە. دانیل میتران و هاوسەرەکەی هەمیشە هەوڵیان بۆ دیاری کردنی چارەی خۆنووسیی کوردەکانی عێراقدا دەدا و ئەمەیش دەریدەخات کە پرسی کورد تا چ ئاستێک لە سیاسەتی فەڕەنسا گرینگە.

سکرتێری شەپێلا پێشارۆژا کوردستانا سووریا (ŞPKS) جەختی کردەوە: فەڕەنسا یەکەم وڵات بوو کە پێش هێرشی سەدام بۆسەر کوردەکانی عێراق دەستی بە پشتگیری کردن لە کورد کرد و پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی یەکەم وڵات بوو کە وەڵامی داخوازییەکەی جەنابی مەسعوود بارزانی دایەوە و ئەو گەمارۆ سیاسی و ئابوورییەی شکاند کە عێراق خستبوویە سەر هەرێمی کوردستان.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: هەروەها فەڕەنسا دەزانێت کە کوردەکان ڕۆڵێکی تایبەتیان گێڕا لە شەڕی داعشدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و شکست هێنانی داعش بەبێ ئامادەبوونی هێزە کوردییەکان مومکین نەبوو و قارەمانێتیی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ فەڕەنسا و هاوپەیمانان ڕوون بوویەوە. هەروەها هاتنی ماکرۆن بۆ هەرێمی کوردستان دەتوانێت پەیوەندیی سیاسی و ئابووری و هاوکاری لەشەڕی داعشدا لەوێان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان تۆکمە بکات.

ڕێزان شێخمووس ئاماژەشی دا بە کاریگەریی سەردانەکەی ماکرۆن بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر دۆخی کوردانی سووریا و ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان دەیهەوێت کە کوردستانی سووریا خاوەن سەقامگیریی سیاسی بێت و دانوستانی کوردی-کوردی بگاتە ئەنجام و بە هەمان شێوەی هەرێمی کوردستان کە لە عێراقدا ڕۆڵی سیاسیی بەرچاو دەگێڕێت کوردەکانی سووریاش ببنە خاوەن پێگەی ڕۆڵی سیاسی.

ناوبراو وتیشی: جەنابی مەسعوود بارزانی هەوڵ بۆ ڕاکێشانی ئاوڕی وڵاتانی زلهێز و بە تایبەت ئەورووپییەکان دەدات بۆ پرسی کوردی سووریا و هەموو ئامێرێکی پێویست بەکار دەخات بۆ دروست کردنی پەیوەندی بەنێوانیاندا.

ڕێزان شێخمووس لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمدواییەی نێوان سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کوردستانی سووریا، وتی: ئەم بەرپرسە ئەمریکییە ڕایگەیاند کە بەنیاز نین لە کوردستانی سووریا بکشێنەوە و بەپێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی قەیرانی سووریا هەم لەبواری سیاسی و هەم لەبواری ئابوورییەوە یارمەتی کورد و خەڵکی سووریا دەدەن.

سکرتێری شەپێلا پێشارۆژا کوردستانا سووریا (ŞPKS) زیادی کرد: هەروەها لەو کۆبوونەوەدا جەخت کرایەوە لەسەر درێژەدا بە گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردەکانی سووریا بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک تاکوو هەموو حزبە سیاسییەکانی کورد لە ئیدارەیێکی هاوبەشدا ڕۆڵ بگێڕن.

News Code 3338

Your Comment

You are replying to: .
captcha