ئیرادەی یەپەگە  لەدەستی خۆیدا نییە/ پەکەکە نایەوێت هەرێمی کوردستان سەقامگیری بەخۆوە ببینێت

بەشی سووریا- سیاسەتوانی سەربەخۆی کوردی سووریا دەڵێت: یەکینەکانی پاراستنی گەل هیچ کات لە بڕیارەکانیاندا سەربەخۆ نەبوون و لەژێر فەرمانی هێزەکانی دیکەدا دەجووڵن.

«عەلا بەرکات» سیاسەتوانی سەربەخۆی کوردی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە وتەکانی سوپای ڕووسیا لەبارەی ڕادەست کردنی عەین عیسا بە حکوومەتی ناوەندی لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە و ڕایگەیاند: ئەم وتانە بۆ هەرانانەوەی میدیاییە، یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) هیچ کاتێک خاوەنی ئیرادەی خۆیان نەبوونە.

ناوبراو درێژەی دا: یەپەگە لەژێر فەرمانی حکوومەتی ناوەندیی سووریا، ڕووسیا، تورکیا و پەکەکە-دا دەجووڵێت و بەپێی بڕیاری ئەوان هەڵسوکەوت دەکات.

عەلا بەرکات وتیشی: ئەوەی کە ڕووسیا داوای لێکردوون کە عەین عیسا چۆڵ بکەن جێبەجێ کردنی هەمان سیاسەتی بەکار گرتنە کە حکوومەتی ناوەندیی سووریا و ڕووسیا بەردەوام کەڵکی لێوەردەگرن و لەم نێوانەشدا تەنها هزری گشتی بەلاڕێدا دەبەن.

سیاسەتوانە کوردەکەی سووریا لەبارەی پێکدادانی دوو ڕۆژ بەر لە ئێستای چەکدارانی پەکەکە و پارتی کە گیان لەدەست دانی هێزێکی پێشمەرگەی ڕۆژی لێکەوتەوە، دەڵێت: پەکەکە هیچ کات نەیویستووە هەرێمی کوردستان سەقامگیری و ئارامی بەخۆوە ببینێت و بۆ سەرکەوتنی خواستی بێگانەکان گوشاری خستۆتە سەر هەرێمی کوردستان.

ناوبراو پێشتر لەبارەی کاریگەریی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لەسەر دۆخی کوردی سووریا بە کوردپرێسی ڕاگەیاندبوو: ئەنجامی سیاسەت کردنی دیموکراتەکان لەبارەی کوردەکانی سووریا باشتر بووە لە ئەنجامی سیاسەتی کۆمارییەکان و کورد هیوای بەمەیە پاش هاتنی دیموکراتەکان لە ئەمریکا بتوانن سیاسەتێکی ڕاستەقینەتر پەیڕەو بکەن.

بەرکات وتیشی: هەڵبەت هەر سەرۆکێک کە لە ئەمریکا دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت ئەگەر کورد لەناوخۆدا یەکگرتوو نەبن بێ بایەخ دەبێت.

سیاسەتوانە کوردەکەی سووریا جەختیشی کردەوە: ئەگەر کوردی سووریا نەگەنە ڕێککەوتن هەر هەنگاوێک کە بۆ چارەسەر کردنی پرسی کوردی سووریا هەڵبگیردرێت ناگاتە ئەنجام.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 334

Your Comment

You are replying to: .
captcha