مه‌سروور بارزانی: 800 هه‌زار کەس لە هەرێم ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، تائێستا 800 هه‌زار کەس لە هەرێم ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە، لەقۆناغی داهاتوشدا کار بۆ ئەوە دەکەن پێش ده‌ستپێكی ساڵی نوێی خوێندن سه‌رجه‌م مامۆستایان ڤاکسین وەربگرن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە توویتەر بڵاویکردەوە، تا ئێستا 30%ی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان  ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە و پلانی حکوومەت ئەوەیە پێش دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن سه‌رجه‌م مامۆستایانی كوردستان ڤاکسین وەربگرن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، حکوومەتی هەرێم کار دەکات بۆ ئەوەی ناوەندەکانی پێدانی ڤاکسین زیاتر بکرێن، لەوانەش کردنەوەی ناوەندەکانی پێدانی ڤاکسین بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کە تائێستا زیاتر له‌ 10 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەوەشی خستوەتەڕوو،" تا ئێستا 800 هه‌زار ژه‌مه‌ ڤاكسین به‌ هاوڵاتییان دراون، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەین ڤاكسین وه‌ربگرن، كوردستان بپارێزن".