مستەفا کازمی: سەردانەکەم بۆ ئێران بەئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانە
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک وەزیرانی عێراق بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە بەرەو تارانی پایتەختی ئێران بەرێکەوت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە مستەفا کازمی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆک کۆماری ئێران ئیبراهیم رەئیسی، بەغدای بەجێهێشت و بەرەو تارانی پایتەخت بەڕێکەوت.

کازمی بەر لە بەڕێکەوتنی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "سەردانەکە بەئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و کردنەوەی زیاتری دەرگای هاوکاریە لەبوارە جیاجیاکاندا و تیشک خستنەسەر قووڵایی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵاتی دۆستە".

ئەوەشی خستەڕوو، عێراق بە پتەو کردنی شەراکەتی ستراتیژی بە پێی بنەماکانی پشتگیری سەقامگیری و هاوکاری و دۆستایەتی، لە پێناو چەسپاندنی بنچینەکانی ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا سەرکەوتوو بووە.

هەورەها لەو سەردانەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئێران کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی دۆسیەی بەرژەوەندیی هاوبەش و هەوڵەکانی پشتیوانیی دەکات بۆ بڵاو کردنەوەی گەشەپێدانی بەردەوام و لەپێناو بەرژەوەندی گەلانی عێراق و ئێران و هەروەها هاوئاهەنگی دوو قۆڵی.