شەمخانی لەدیدار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقدا جەختی کردەوە لە دەرکردنی بەپەلەی هێزە دژبەرەکانی ئێران لە عێراق
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند چالاکیی حزبە دەژبەرەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق هۆی نیگەرانییە و تێکدەری ئاسایشی سنوورەکانی نێوان دوو وڵاتە و جەختی لەوەش کردەوە کە بە زووترین کات دەبێت چکبکرێن و لە عێراق دەربکرێن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی کرد لە دەسپێشخەریی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی لوتکەی بەغدا و ئاشکرای کرد: تەرکیز کردن لەسەر هەوڵی هاوبەش و پێکەوە کار کردنی وڵاتانی ناوچەکە بەبێ ئامادەبوونی وڵاتانی دوورەدەست دەبێت کاری لەپێشینەی وڵاتانی ئەم ناوچەیە بێت.

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاندووە، زیادبوونی جموجۆڵی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی کوردستان جێگەی نیگەرانییە و دەبێت بەزووترین کات چەکبکرێن و لە ناوچەکە دوور بخرێنەوە.

عەلی شەمخانی باسی لەوەش کردووە، ئەم جموجۆڵانە تێکدەری ئاسایشی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.

لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق هاوکاریی هەمیشەیی دەزگا ئەمنییەکانی دوو وڵاتی ئێران و عێراقی لە ڕەهندە جیاجیاکاندا بە تەواوکەری پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات وەسف کرد و زیادی کرد: عێراق پەرۆشی ئەوەیە کە دەفرایەتی سیاسی و ئەمنیی خۆی بۆ هاوکاری کردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بۆ سڕینەوەی لێکتێنەگەیشتنەکانی تێکدەری سەقامگیریی بخاتە گەڕ.