پاش پرسی کشانەوەی ئەمریکا، تەعامولی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و دراوسێکان بەشێوەیێکی بەرچاو زیادی کردووە
بەشی جیهان- جوێل وینگ بڕوای وایە بە ئاوڕدانەوە لە ئەگەری کشانەوەی بەتەواێتیی ئەمریکا لە عێراق، دەبێت بڵێین حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیێکی بەرچاو تەعامولی لەگەڵ بەغدا و دراوسێکان زیاد کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کشانەوەی بەتەواێتیی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و کۆنترۆڵی چاوەڕوان نەکراوی ئەو وڵاتە لەلایەن تاڵیبانەوە ئاوڕی شرۆڤەکارانی بۆ لای پاشهاتەکانی ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاکێشا. هەڵبەت ژمارەیێک لە شرۆڤەکاران بڕوایان وایە کە دۆخی عێراق لەگەڵ ئەفغانستان بەگشتیی جیاوازە.

جوێل وینگ، شرۆڤەکاری بابەتی عێراق لەو کەسانەیە کە لە ساڵی 2003وە بەدواداچوونی بۆ پرسەکان و ڕووداوەکانی عێراق کردووە. ئاژانسی کوردپرێس لەگەڵ ناوبراو لەبارەی پرسی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و چەند پرسێکی دیکە هەندێک پرسیاری هێناوەتە ئاراوە.

جوێل وینگ لەبارەی بەراوەرد کردنی دۆخی عێراق و ئەفغانستان لەسەر پاشهاتەکانی کشانەوەی ئەمریکا  لەو دوو وڵاتە بە کوردپرێسی وت: پێچەوانەی ڕای ژمارەیێک لە شرۆڤەکاران کە باس لەوە دەکەن ڕووداوی هاوشێوەی ئەفغانستان لە عێراق ڕوودەدات، دۆخی عێراق و ئەفغانستان زۆر پێکەوە جیاوازن. بۆ نموونە عێراق حکوومەتێکی بەهێزتر و هێزی ئەمنیی تواناتری هەیە. هەروەها حکوومەتی ئەمریکا پێبەندە بە پشتگیریی لە بەغدا و بەم زووانە عێراق بەجێ ناهێڵێت.

چاودێرەکەی پرسەکانی عێراق لەبارەی دەستوەردانی سەربازیی تورکیا لە باکووری عێراق بە بیانووی شەڕی پەکەکە وتی: لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت بڵێین کە هیچ کەس سنوورەکانی نێوان عێراق و تورکیا کونترۆڵ ناکات. حکوومەتی ناوەندیی عێراق هێزی سنوورەوانیی یا هیچ هێزێکی دیکەی لەو ناوچانەدا جێگیر نەکردووە چوونکە ئەو ناوچەیە بەشێکە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. حکوومەتی هەرێمیش ئامادەبوونێکی بەرچاوی لەو سنوورانەدا نییە. هێزی ئاسمانیی عێراقیش توانای پاراستنی سنوورەکانی نییە. هەموو ئەمانە پێکەوە هۆکاری ئەوەن کە تورکیا هەرکات بیەوێت لە خاکی عێراقدا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ئەنجام بدا.

جوێل وینگ لەبارەی ئامانجی عێراق لە بەڕێوەبردنی لوتکەی بەغدا وتی: لەمبارەوە دەبێت بڵێین عێراق بەنیازە سەنگ و پێگەی خۆی لەناوچەکەدا بپارێزێت و باشتری بکات. بەشێکی زۆر لە ناوچەکە پاش داگیرکاریی عێراق لە ساڵی 2003 پشتیان لەو وڵاتە کرد و یەک لەوانەش سعوودیار بوو. ئێستا کە داگیرکاریی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە کۆتایی پێهاتووە عێراق هەوڵ ئەدات پێگەی خۆی لەناوچەکەدا بەدەست بێنێتەوە ئەم لوتکەیەش هەر بەم بۆنەوە بوو.

ناوبراو وتیشی کاریگەریی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە عێراق لەسەر ئاسایشی ئەو وڵاتە زۆر کەمە و جەختی کردەوە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق کاریگەریی لەسەر زیاتر کردنی ئەمنییەتی ئەم وڵاتە نابێت. داعش لە ژمارەیێک گوند و ناوچە بیابانییەکان و شاخاوییەکاندا کە حەشیمەتی کەمتریان لێیە و هێزی ئەمنیی عێراقیان تێدا نییە هێرش دەکەن و جووڵەیان زۆرە. بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و بەشداری کردن یان بەشداریی نەکردنی خەڵکی عێراق دۆخەکە ناگۆڕێت.

جوێل وینگ لەبارەی کاریگەریی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ئەگەری تەواو کردنی ئەو ئەرکە و کشانەوەی ئەمریکا بەتایبەت لە هەرێمی کوردستانی عێراق وتی: لەبارەی گرینگ بوونی مامەڵەی زیاتری هەرێمی کوردستان لەگەڵ دراوسێکان بە ئاوڕدانەوە لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق دەبێت بڵێین حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیێکی بەرچاو تەعامولی خۆی لەگەڵ بەغدا و دراوسێکان زیاتر کردووە. ئەم ناوچەیە لە پەرلەمانی عێراقدا نوێنەری هەیە و دەنگ بە بوودجەی گشتیی عێراق دەدات و لەبارەی بوودجەی فیدراڵی ڕادەردەبڕێت پەیوەندیی بازرگانی و دیپلۆماسیی بەربڵاوی لەگەڵ تورکیا هەیە.

ناوبراو جەختی کردەوە کە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمرکیا زۆر گرینگە بەڵام ئەم پرسە تەنها پرسی کورد نییە.